٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داقووق.. لە بەرامبەر گرتنی كوردێكی كاكەییدا، پێشمەرگە چوار كەسی قۆڵبەست كرد

سەرچاوە: KDP.info

داقووق-KDP.info- فەرماندەیەكی وەزارەتی پێشمەرگە، باس لە گرتنی هاووڵاتییەكی گوندی عارەبكۆی كاكەیی سەر بە شارۆچكەی داقووق دەكات و دەڵێت، چەكدارانی تیرۆریستی داعش هاووڵاتییەكی كوردی تەمەن 70 ساڵیان دەستگیر كردووە. دەشڵێت، "ئێمەیش لە بری دەسگیركردنی ئەو هاووڵاتییە، چوار كەسی ئەوانمان دەستگیر كردوون و بۆ ئەو ئاڵۆزییەیش لیوای 9ـی پیادە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە".

جێگری لیوای 9ـی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە عەمید (فایەق قادر)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info رایگەیاند، "لە میحوەری قەزای داقووق و لە گوندی عەرەب كۆی، چەكدارانی تیرۆریستی داعش كوردێكیان بەناوی (سەعید كاكەیی) كە تەمەنی لە سەرووی تەمەنی 70 ساڵەوەیە، بە تۆمەتی ئەوە دەستگیر كردووە كە سێ كوڕی لە ریزەكانی پێشمەرگە و ئاساییشی كوردستاندا خزمەت بە كورد و كوردستان دەكەن و لە ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیاندان بەردەوامن".
جێگری لیوای 9ـی پیادە گوتیشی، "ئەوەیش بووەتە هۆی بارگرژیی زیاتر لە ناوچەكە و گەنج و پیر و كوڕان و كچانی تێكۆشەری كاكەیی، هەموویان لەگەڵ ئێمەن و بە پشتیوانی لیوای 9ـی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە حاڵەتی ئامادەباشیداین، ئێمەیش لەبری دەسگیركردنی ئەو هاووڵاتییە كاكەییە، چوار كەسی ئەوانمان دەستگیر كردووە كە كەسوكارەكەیان لەناو تیرۆریستانی داعشدان و داواكارین بە زووترین ئەو هاووڵاتییە كاكەییە ئازاد بكەن، هەر لەبەر ئەو ئاڵۆزییەیش ئێمە وەكو لیوای 9ـی پیادە لەو سنوورە، لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوداین و سەرجەم رێگە سەرەكییەكانی ئەو میحوەرەمان گرتووە".
عەمید (فایەق قادر) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "مامۆستایانی ئایینی داوایان كردووە كە شەڕ ڕوو نەدات و بۆ ئازادكردنی لە هەوڵدان، بەڵام تا ئێستا بەریان نەداوە و هەموو هەوڵی ئێمەیش ئەوەیە هاووڵاتیان تووشی زیان نەبن، بە تایبەتی برایانی كاكەیی".

فەرەیدوون ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار