كۆمەڵی نێودەوڵەتی و یوئێن هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و شەڕی دژ بە تیرۆر بەرز دەنرخێنن

ژنێف-kdp.info- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند بەرەیەكدا دەجەنگێت، لە لایەكەوە بە سەختی لەگەڵ چەكدارانی داعش لە جەنگێكی قورسداسە، لە لایەكی ترەوە بە سەختی یارمەتیی مرۆیی بۆ ملیۆن و نیوێك ئاوارە دابین دەكات. دەشڵێت، "كۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و شەڕی دژ بە تیرۆر بەرز دەنرخێنن".
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری) بە مەبەستی شرۆڤەكردنی رەوشی هەرێمی كوردستان لە بواری یارمەتیدانی ئاوارەكان و شەڕی دژی چەكدارانی داعش، لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیرلەندا، ژاپۆن، بەریتانیا، مەغریب و بەرپرسە باڵاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتوووەكان و بەرپرسی بەشەكانی دیكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ژنێف كۆ بووەوە.
(زێباری) سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و مرۆییەكانی ئەم دواییە نیگەرانیی خۆی بەرامبەر كارەسات و قەیرانی مرۆیی دەربڕی و ئاماژە بە پێشكەوتنە ئابوورییەكان و گەشەپێدانی خێرای هەرێمی كوردستان كرد كە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بەدەستی هێناوە.
لە بەشێكی دیكەدا ئاماژەی بە سەقامگیریی سیاسیی ئەم دواییە و پشێویی مرۆییً كرد كە تووشی شەپۆلًێكی نوێی هێرشەكانی داعش بووەتەوە و دەست بە كۆمەڵكوژی، كوشتنی هاووڵاتیانی بێتاوان، رفاندن و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و هەڕەشە و بەئامانجكردنی ژمارەیەك پێكهاتە كردووە و ناچار كراون بیروباوەڕیان بگۆڕن یان ناوچەكە چۆڵ بكەن.ً
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، تیشكی خستە سەر پێویستیی یارمەتیی ئێمێرجێنسی بۆ وەڵامدانەوە و یارمەتیدانی هەوڵەكانی هەرێم بۆ دووبارە بەدەستهێنانی سەقامگیری و پێشكەوتن. هەروەها ئاماژەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی كرد كە ئامانجی پاكتاوكردنی رەگەزی و جینۆسایدە، رەخنەیشی لە حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق گرت كە لە بواری مرۆییەوە زۆر بە هێواشی كار بۆ پاراستنی هاووڵاتیان دەكات.
لە هەمان كاتیشدا سوپاسی كۆمەڵی نێودەوڵەتیی كرد بۆ وەڵامدانەوە و پێشكەشكردنی یارمەتیی سەربازی بۆ پێشگرتن بە پێشڕەوییەكانی چەكدارانی داعشی و هەروەها سوپاسی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی كرد بەرامبەر هەولًَ و یارمەتییە مرۆییەكانیان.
بابەتێكی گرنگی دیكە كە نوێنەری حكوومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكاندا باسی لێوە كرد، ئەكتیڤنەبوونی ژمارەیەك ئەكتەری نێودەوڵەتییە، بۆ ئەم بوارەیش ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند بەرەیەكدا دەجەنگێت، لە لایەكەوە بە سەختی لەگەڵ چەكدارانی داعش لە جەنگێكی قورسداسە، لە لایەكی ترەوە بە سەختی یارمەتیی مرۆیی بۆ ملیۆن و نیوێك ئاوارە دابین دەكات كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
ئەوەیش لە كاتێكدایە كە حكوومەتی هەرێم تووشی قەیرانی دارایی بووە، بە هۆی ئەوەی كە دەسەڵاتدارانی فیدراڵ لە بەغدا بەشەبودجەی هەرێمیان بڕیوە. لە ئەنجامدا خەڵكی كوردستان بە هۆی ئەم سزا ئابوورییەوە تووشی ئێش و ئازار بوونە. بۆ نموونە پلانی دروستكردنی 11 كەمپی نوێ بۆ ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆك لە ئارادایە، بەڵام بە هۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایییەوە، پڕۆسەكە دوا خراوە، هەروەها رێژەی دانیشتووانی شارەكانی هەرێمیش بە هۆی هاتنی ئەو ئاوارەوە زۆرەوە بەرز بووەتەوە.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەیشدا لایەنە نێودەوڵەتییەكان بە ستایشكردنی رۆڵی حكوومەتی هەرێم بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی سووریا و ناوخۆیی چەندین پرسیاریان لە نوێنەری حكوومەتی هەرێم كرد. نوێنەری پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لە هەوڵە جیدییەكانی حكوومەتی هەرێم لەماوەی رابردوو و ئێستا كرد و رایگەیاند، هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ئەرێنی یارمەتیی گیانیی ئاوارەكانی داوە، لەگەڵ پاراستن و دابینكردنی خۆراك و شوێنی حەوانەوە بۆیان.
هەروەها نوێنەری وڵاتانیش، نیازی وڵاتەكانیان بۆ یارمەتیدان و پشتگیریی زیاتری حكوومەتی هەرێمی كوردستان خستە ڕوو.




