پێشمەرگە لە خازر دوو گوندی كۆنتڕۆڵ كردنەوە.. لە دووی دیكەیش نزیك بوونەتەوە

خازر-kdp.info- قایمقامی شارۆچكەی بەردەڕەش دەڵێت، ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە هێرشیان كردە سەر چەكدارانی داعش و توانییان دوو گوند پاك بكەنەوە كە بۆ پێشمەرگە زۆر ستراتیژین و لە كۆنتڕۆڵكردنی دوو گوندی دیكەیش نزیك بوونەتەوە.
قایمقامی شارۆچكەی بەردەڕەش (شێخ سەردار یەحیا) كە لە میحوەری خازر لە بەرەكانی شەڕدایە، بە Kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە هێرشیان برد و لە بناری چیای زەردك هەریەكە لە گوندەكانی شێخ شەلە و گولیجەیان لە داعش پاك كردەوە كە زۆر ستراتیژین و لە گوندەكانی ئەسقۆف و كانی كەوانیش نزیك بوونەتەوە.
(شێخ سەردار) گوتیشی، هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویكردن بەردەوامن و لە كۆنتڕۆڵكردنی چیای زەردك نزیك بوونەتەوە كە ئەگەر ئەوچیایە كۆنترۆڵ بكرێت، هێزی پێشمەرگە زۆر بە ئاسانی دەتوانێ ناحیەی بەرتلە و شارۆچكەی حەمدانییە و "لانەی تیرۆرستان" گوندی حەسەن شام كۆنتڕۆڵ بكات.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، چەكدارانی داعش تووشی شكست بوون و هەڵاتوون، نزیكەی حەوت ئۆتۆمبێلی خۆیشیان جێ هێشتووە و خۆشبەختانەیش هیچ زیانێك بە پێشمەرگە نەگەیشتووە.
بڵند ئیبراهیم




