نێچیرڤان بارزانى: شه‌ڕى داعش پێویستى به هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تییه

هەولێر-KDP.INFO- (نێچیرڤان بارزانى) جه‌ختى كرده‌وه كه، ئه‌م شه‌ڕه پێویستى به هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و له‌گه‌ڵ به‌غدایش هاوكارى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى تیرۆریستان وه‌ده‌ر بنێن. هه‌روه‌ها به شاندى باڵاى پیاوانى ئایینى مه‌سیحى کە لەگەڵیاندا کۆ ببووەوە، ڕاگه‌یاند: "ده‌نگى ئێوه له ده‌ره‌وه زۆر گرینگه و ده‌توانن له دروستكردنى هاوپه‌یمانییه‌كى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر ڕۆڵێكى دیار بگێڕن."
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان(نێچیرڤان بارزانى)، پێشوازى له جه‌نابى پاتریاركى كاردینال (مار بشاره بوترس ئه‌لڕاعى) پاتریاركى ئه‌نتاكیا و ته‌واوى ڕۆژهه‌ڵات و سه‌رۆكى كۆمه‌ڵگه‌ى پاتریاركه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات و سه‌رۆكى كه‌نیسه‌ى مارۆنى و شاندێكى باڵاى پیاوانى ئایینى مه‌سیحى كرد، كه له ژماره‌یه‌ك پاتریارك و مه‌ترانى كاتۆلیك و كلدان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى داموده‌زگاى ئایینیى مه‌سیحى له جیهان و ناوچه‌كه و عیراق و هه‌رێمى كوردستان پێك هاتبوو.
له دیدارێكدا سه‌ره‌تا شاندى میوان سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه كه به‌ناهاى ئاواره مه‌سیحییه‌كانى مووسڵ و ده‌شتى نه‌ینه‌واوه چووه و كۆمه‌ك و هاوكارى پێشكه‌ش كردووه، وه‌ك چۆن پێشتریش هه‌مان شتى بۆ ئه‌و مه‌سیحییانه كرد كه له ناوه‌ڕاست و باكوور و ناوچه‌كانى دیكه‌ى عیراقه‌وه له ترسى تیرۆر؛ ڕوویان له هه‌رێمى كوردستان كردبوو. شانده‌كه هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه له نزیكه‌وه سه‌ردانى ئاواره مه‌سیحییه‌كانیان له هه‌رێمى كوردستان كردووه و بینیویانه ئه‌وان له كوردستان هه‌ست به ئارامى و دڵنیایى ده‌كه‌ن و هیوایان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
شانده‌كه هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند وێنه‌كه و ڕاستیى ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر مه‌سیحییه‌كان و پێكهاته‌كانى دیكه‌دا هاتووه، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌موو هاوكارى و به‌هاناوه‌چوونه‌ى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان، بۆ ڤاتیكان و واشنتۆن ده‌گوازنه‌وه و داوا ده‌كه‌ن پاراستنێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ مه‌سیحییه‌كان و ته‌واوى پێكهاته‌كانى ناوچه‌كه له ئێزدى و شه‌به‌ك و توركمان و هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بییه‌كانى دیكه دروست بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ست به دڵنیایى بكه‌ن و بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه شوێن و سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان.
لاى خۆیه‌وه (نێچیرڤان بارزانى) وێڕاى به‌خێرهێنان و ده‌ربڕینى خۆشحاڵى بۆ سه‌ردانى شانده‌كه، ڕایگه‌یاند هاتنیان بۆ هه‌رێمى كوردستان پشتگیرییه بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق و كوردستان، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه "حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پشتگیرى له هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌كات و بۆ پاراستنیان ئه‌وه‌ى له ده‌ستى بێت درێخى ناكات، كه هه‌موویان ڕیشه‌ى هه‌زاران ساڵه‌یان له كوردستان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕوو ده‌دات له تواناى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ده‌ره و هه‌رێمى كوردستان ئێستا شه‌ڕى ڕێكخراوێك ناكات، به‌ڵكوو به هه‌موو پێوه‌رێك شه‌ڕى ده‌وڵه‌تێكى تیرۆرستى ده‌كات." هه‌روه‌ها پشتگیریى خۆى بۆ دابینكردنى پاراستنێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ مه‌سیحییه‌كان و پێكهاته‌كانى دیكه‌ى ناوچه‌كه ده‌ربڕى.
سه‌رۆكوه‌زیران هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى له دواى 2003ه‌وه حكوومه‌تى عیراق هیچى بۆ پڕچه‌ككردنى پێشمه‌رگه نه‌كردووه و بچووكترین ئه‌و چه‌كانه‌ى بۆ نه‌ناردووه بتوانێت وه‌ك پێویست ڕووبه‌ڕووى تیرۆریستان ببێته‌وه، كه تازه‌ترین چه‌كه پێشكه‌وتووه‌كانى عیراقییان كه‌وتووه‌ته ده‌ست، بۆیه ئه‌و توانا سه‌ربازییانه‌ى هه‌رێم ته‌نیا هیى ئه‌وه‌ن شه‌ڕى میلیشیایه‌كى پێ بكات، نه‌ك ده‌وڵه‌تێكى پڕ چه‌كى قورس و پێشكه‌وتوو.
سه‌رۆكوه‌زیران جه‌ختىیشى كرده‌وه كه، ئێستا هه‌ڵمه‌تى سه‌ربازى دژى داعش بەرپا كراوه و پێشمه‌رگه زۆر شوێنى كۆنترۆل كردوونەته‌وه، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه پێویستى به هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و له‌گه‌ڵ به‌غدایش هاوكارى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى تیرۆریستان وه‌ده‌ر بنێن. هه‌روه‌ها به شانده‌كه‌ى ڕاگه‌یاند: "ده‌نگى ئێوه له ده‌ره‌وه زۆر گرینگه و ده‌توانن له دروستكردنى هاوپه‌یمانییه‌كى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر ڕۆڵێكى دیار بگێڕن."




