سەدر فەتوای دا: دەستدرێژیکردنە سەر ئێزدییەکان حەرامە.. پارێزگاری و هاوکارییان ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقییە

هەولێر-KDP.INFO- مەرجەعی ئایینیی شیعە لە عێراق(حوسێن ئیسماعیل سەدر) جەختی کردەوە لەوەی کە، دەبێ خوێنی ئێزدییەکان هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، بە ماڵ و موڵکیشیانەوە پارێزراو بێ و بە هیچ شێوەیەک ناسێت دەستدرێژییان بکرێتە سەر. وەک ئەو دەڵێ، "پارێزگاری لێکردن و هاوکاریکردنیان ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی و ئەخلاقییە"، چونکە ئەوان تایبەتمەندیی ئایینی و کولتووریی خۆیان هەیە و دەبێ ڕێزیان لێ بگیرێ.
ئەو مەرجەعەی شیعەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاو کراوەتەوە، لە وەڵامی پرسیاری شوێنکەوتوویێکیدا، دەربارەی چۆنیەتیی مامەڵە کردن لەگەڵ ئێزدییەکان بەپێی فیقهی ئیسلامی ڕایگەیاندووە، "ئەوەی بەم دواییە لە لایەن تیرۆریستانەوە، لە ڕووی مرۆیی و نیشتیمانییەوە بەسەر برایانماندا هاتووە، دڵی سووتاندووین، ئەمە زوڵمە و تاوانە نامرۆییانەیە، پێچەوانەی تەواوی شەریعەتە مرۆیی و ئاسمانییەکانە و هیچ پاساوێکی ئایینی و شەرعی و یاسایی نییە."
زیاتر گوتی، "دەستەواژەی (اهل لکتاب) بەو واتایە نییە کە مافە یاسایی و مرۆییە گشتییەکان کە لەسەر بنەمای یەکسانی و هاووڵاتیبوونن، نایانگرێتەوە"، ئاماژەیشی دا "ئەوانیش هەمان ئەو مافانەیان هەیە کە، موسڵمان، مەسیحی و مەندایی و تەواوی پێکهاتەکانی دی هەیانە."
ڕوونیشی کردووەتەوە کە "خوێنی ئێزدییەکان بەڕێزە، دەستدرێژیکردنە سەریان حەرامە و هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیەکدا نییە."
ئەو دەشڵێت، "دەرگاکانمان لە شاری کازمییەی پیرۆز بە ڕووی ئێزدییەکاندا کراوەیە"، داوایشی لە سەرجەم عێراقییەکان کرد، ئەوەی لە دەستیان دێ بۆ هاوکارییان و ئەوانەیشی کە لە لایەن تیرۆرەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر، بیکەن، بە تایبەت ئەو کەمینانەی کە پشت و پەنایان نییە."
پێوەست بە باوەڕی ئێزدییەکانیش (سەدر) وەها وەڵام داوەتەوە کە "توێژینەوەکان جەختیان کردووەتەوە کە، ئەوان یەکتاپەرستن و جگە لە خوا شتێکی دی ناپەرستن"، زیاتر گوتی "بەڵام ڕێزگرتنیان بۆ بوننەوەری پەنهانی(موجودات غیبیە)، بە واتای پەرستنیان نییە و ئەمە بەشێکە لە تایبەتمەندییە ئایینی و کولتوورییان و سەرباری جیاوازیمان لەم ڕووەوە، دەبێ ڕیزیان لێ بگیرێ، هەر ئەمەیشە کە قورئان بە (لکم دینکم ولی دین) ئامامۆژگاریمان دەکا، بەو واتایەیە کە هیچ کەس بۆی نییە باوەڕی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا پسەپێنێت."
شیاوی باسە، (سەدر) یەکەم زانا و مەرجەعی شعیەی موسڵمانە لە عێراق کە دەربارەی ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە فەتوا بدات.
زریان زیاد




