هەناردەی نەوتی کوردستان دەگەیەنرێتە 220هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

هەولێر-KDP.info- بەرپرسانی کەرتی نەوت دەڵێن، هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بڕی دوو هێندەی جارانی بەرز دەکرێتەوە و وەها بڕیارە تا کۆتایی مانگ، لە ڕۆژێکدا 220 تا 220هەزار بەرمیل نەوت، لە ڕێی بۆریی نەوتی سەربەخۆی کوردستانەوە، هەناردەی دەرەوە بکرێ.
بەرپرسێکی حکوومەتی تورکیا بە ڕۆیتەرزی گوتووە، "کۆتایی ئەم مانگە کارکردن لە زیادکردنی هەناردەی وزە لە ڕێی بۆرییەوە تەواو دەبێ. هەر بە تەواوبوونیشی، دەتوانرێت 220هەزار بەرمیل نەوت بە بۆریی نەوتی کوردستاندا هەناردە بکرێت."
سەرچاوەکان دەڵێن، توانای هەناردەکردن بە بۆریی نەوتدا کە پێشتر 100 تا 120هەزار بەرمیل بوو، دەگەیەنرێتە 200 تا 220هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە کە دەکەوێتە سەر دەریای نێوەڕاست، دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کرد، بەمەیش بەغدا زۆر هەوڵی دا لە ڕێی سکاڵاکانییەوە بەر بەو هەناردەکردنە بگرێت، بەڵام نە لە ڕێی دادگای فیدراڵی عێراق و نە لە دادگاکانی دەرەوەیش ئەم کارەی پێ نەکرا، چونکە وەک حکوومەتی هەرێم دەڵێ، دەستوور ئەو مافەی پێ داون نەوتی خاکی خۆی دەربهێنێت و هەناردەیشی بکات.
تا ئێستا، حکوومەتی هەرێم 7.8ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێی بۆرییە سەربەخۆکەیەوە ڕەوانەی تورکیا و لەوێیشەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی کردووە.
زریان زیاد




