٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەپێی پێویستیی میحوەرەكان چەك دابەش دەكرێت.. ڕۆکێتی هەمەرشکێنیش دەگات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-تایبەت بە KDP.INFO- وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، هەر كاتێك وەزارەت چەكی بە دەست دەگات، راستەوخۆ لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەكرێت و میكانیزمی دابەشكردنەكەشی بەپێَی پێویستیی میحوەرەكان دەبێت لە بڕ و جۆری چەكەكان، كە ئەمەیشیان وەزیری پێشمەرگە خۆی سەرپەرشتیی دەكات و دابەشكردنەكەیش هەمووی بە نووسراوە و دەبێتە ماڵ لەسەر ئەو میحوەرە و لێپرسینەوەیش هەیە.

بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، تاوەكو ئێستا چەكیان لەلایەن ئەمەریكا و فەڕەنساوە بە دەست گەیشتووە كە جۆرەكەیان باشە و چەند وڵاتێكی دیكەیش ئامادەیی هاوكارییان پێشان داوە.
سەبارەت بە جۆری چەكەكانیش (حیكمەت) گوتی، "زۆر جۆر چەكمان بە دەست گەیشتوون كە جۆری قورسیان تێدایە، لەوانە تۆپ و هاوەن، دۆشكە، 106، 82 ملم و ئاربیجی و چەند جۆرێكی دیكە كە ئێستا شەڕیان پێ دەكرێت".
ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە، جۆرە رۆكێتێك هەیە بۆ تێكشكاندنی هەمەر و تەنیا لە فەڕەنسا ئەو جۆرە رۆكێتە هەیە، داوایشیان كردووە كە بۆیان رەوانە بكرێت و لە ئێستادا چاوەڕوانی گەیشتنی دەكەن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند، بە هیچ جۆرێك دەستی حزبی لە دابەشكردنی چەكدا نییە و وەزیری پێشمەرگە خۆی سەرپەرشتیی ئەو كارە دەكات و لە هەر شوێنێك پێویست بە چەك هەبێت، بۆیان رەوانە دەكرێت و تاوەكو ئێستایش چەك بۆزۆر میحوەر رەوانە كراوە.
گوتیشی، هەر كاتێك چەكیان بە دەست دەگات لە وەزارەتی پێشمەرگە بە نووسراو وەردەگیرێت بۆ ئەوەی بزانن بڕەكە چەندە و دواتریش بە نووسراو بەسەر میحوەرەكاندا دابەش دەكرێت.
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار