عەلی حەمەساڵح: پەرلەمانتارەكانی یەكێتی ڕەمەكی و بێ هەبوونی زانیاری لێدوانیان داوە

هەولێر- KDP.info- سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، شەڕی ڕاگەیاندن و لێدوانی دژبەیەك خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات. پەرلەمانتارێكی گۆڕانیش دەڵێت، سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكێتی ئاگاداری كۆبوونەوەی پەرلەمان نەبووە.
دوای لێدوانی هەندێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتیی نیشتیمانی لەسەر فڕاكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمان، داوا دەكرێت لەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستاندا لێدوانی دژبەیەك ڕابگیرێت. سكرتێری پەرلەمانی كوردستان (فەخرەدین قادر) بۆ KDP.info گوتی، "بەدەر لە هەر قۆناخ و سەردەمێك، ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا زۆر پێویستمان بەوە هەیە، سەرجەم هێزە سیاسییەكان بە یەك دەنگ و یەك ڕەنگ كار بكەین و جیاوازییەكان بەلاوە بنێین، ئێستا كاتی ئەوە نییە خاڵە جیاوازەكان زەق بكەینەوە، هەر كەسێكیش ئەمە بكات، بە دڵنیاییەوە خزمەت ناكات. ئێمە پێمان وایە پێویستە لەم دۆخەدا هاووڵاتیانی كوردستان، هێزە سیاسییەكان، سەرۆكایەتییەكان یەك دەنگ و یەكهەڵوێست بن، چونكە ئەو دۆخەی ئێستای هەرێم پێویستی بە یەكدەنگی و هەماهەنگیی هەموومان هەیە".
گوتیشی، "ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان بە هۆی ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە زۆر سەرقاڵ بووین، بە تایبەتی لە مانگی هەشتدا سەردانی مەیدانمان هەیە و هەفتەی داهاتوویش كۆبوونەوەی نائاسایی لە پەرلەمان لەسەر دۆخی كوردستان هەیە، بۆیە لەم كاتەدا پەیامی من ئەوەیە كە خاڵە جیاوازەكان بەلاوە بنێین و هەرێمی كوردستان پێویستی بە هەموومان هەیە".
دەربارەی لێدوانی بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی گوایە سەرۆكی پەرلەمان و فڕاكسیۆنی زەرد ڕێك كەوتوون بۆ دواكەوتنی كۆبوونەوە لەسەر ڕەوشی شنگال، پەرلەمانتاری گۆڕان (عەلی حەمە ساڵح) بۆ KDP.info گوتی، "سەرۆكایەتیی پەرلەمان لیژنە تایبەتمەندەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ، مافی مرۆڤ، دارایی و نەزاهەی ڕاسپاردن بۆ ئەوەی ڕاپۆرت لەسەر پرسی شنگال و ئاوارەكان ئامادە بكەن، بۆیە كە دانیشتنی پەرلەمانت ئامادە كرد، دەبێت دۆسیەیەك ئامادە بكرێت، ئێستایش لیژنەكان سەرقاڵی تەواوكردنی ڕاپۆرتەكانن و دواوادە بۆ ڕاپۆرتەكان ئەم پێنجشەممەیەیە و هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوە ئەنجام دەدەین".
ئەم لێدوانەی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لەکاتێکدایە کە، پەرلەمانتار لەسەر لیستی یەکێتی(گۆران ئازاد) بە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەی ڕۆژنامەی ئاوێنەی گوتووە، "چەند ڕۆژێکە نزیکەی 30 پەرلەمانتار واژۆمان کۆ کردووەتوە بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنێکی تایبەت بکات سەبارەت بە ڕووداوەکانی شنگال و..." بەڵام وەک (عەلی حەمەساڵح) دەڵێت، ئەم لێدوانە لە "بێئاگاییە و ڕەمەکیانەیە"، کەواتە ڕاستە کە وەها لێدوانێک بخرێتە چوارچێوەی قووڵکردنەوەی جیاوازییەکان و موزایەی سیاسییەوە و بێجگە لەمە بەهایەکی دیکەی نابێت.
ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی، "پەرلەمانتارەكانی یەكێتی ڕەمەكی و بێ هەبوونی زانیاری لێدوانیان داوە، چەند ڕۆژێك پێش ئێستایش سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان و سەرۆكی لیژنەكان لە هۆڵی پەناگیری پەرلەمان كۆبوونەوەمان كرد و ئەم بڕیارانەمان دان كە، ئەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی ئێستا لێدوانیان داوە، لەو كۆبوونەوەیەدا نەبوون".




