قەرزەكە چواردە ترلیۆن دینارە.. هەرێم داوای ئەو پارانە دەكات كە بەغدا گلی داونەتەوە

هەولێر-KDP.info- هەرێمی كوردستان داوای سەرجەم ئەو پارانە دەكات كە لەلایەن حكوومەتی بەغداوە گل دراونەتەوە. پەرلەمانتارێكیش ڕەتی دەكاتەوە پێدانی پارەی چەند مانگێك لە بەغدا قبووڵ بكەن.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسەكان، حكوومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر ناردنی دوو مانگ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە، بەڵام نوێنەرانی كورد لە بەغدا ڕەتی دەكەنەوە بودجەی كەموكورت وەربگرن. ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ڕێناس جانۆ) بۆ KDP.info گوتی، "بە هیچ شێوەیەك لە دینارێكی هەرێمی كوردستان خۆش نابین، دەبێت سەرجەم ئەو پارانەی لەلایەن بەغداوە بڕدراون بگەڕێنرێنەوە، لە دواكۆبوونەوەیش كە بایكۆتمان كرد، ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی خوێنرایەوە، پێمان وا بوو بۆچوونی نوێنەرانی كوردی تێدا نەبوو، بۆیە دەبێت هەرچی مافی هەرێمی كوردستانە بگەڕێتەوە، ئێستایش دەبێت ئەو پارەیە بە ئامانەت بگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و مافی خەڵكی كوردستانیشە".
بەپێی زانیاریی KDP.info، حكوومەتی عێراق پارەی هەشت مانگی هەرێمی كوردستانی نەناردووە كە دەكاتە بڕی 14 ترلیۆن دینار.
كارزان هەورامی




