فەرحان جەوهەر: پارتی كاتی نییە خۆی بە شەڕی راگەیاندنەوە سەرقاڵ بكات

هەولێر-kdp.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەو شەڕەی راگەیاندن كە هەندێك لایەن دژی پارتی دەستیان پێ كردووە، پارتیی دیموكراتی كوردستان بواری ئەوەی نییە خۆی پێوە سەرقاڵ بكات، چونكە ئەركی گەورەتر و پێویستتری لە پێشە.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فەرحان جەوهەر) بە kdp.info-ی راگەیاند، "تێبنی دەكەین ماوەیەكە بەشێك لە ئەندامانی سەر بە باڵێكی یەكێتی، هەموو سنوورەكانیان لە دژایەتیكردنی پارتی تێپەڕاندووە، لە بەرامبەریشدا پارتی بێدەنگیی هەڵبژاردووە و ئەوانیش ئەو بێدەنگییەی پارتییان قۆزتووەتەوە و لێرە و لەوێ هێرشی ناڕەوا دەكەنە سەر پارتی، هەر حزبێكی تر بووایە لە شوێنی یەكێتی، بە هیچ شێوەیەك خۆی لە قەرەی شەڕێكی لەم جۆرە نەدەدا، نەك لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان كارێكی وا ناخوازێت، بەڵكە لەبەرئەوەی ئەو حزبە لە ئێستادا لە پاییزی تەمەنیدا دەژیت و هیچ هۆكارێكی پێوست نەماوە بۆ مانەوەی جگە لە كۆمەڵێك بەرژەوەندیی ئابووریی گرووپگەلی جیاجیا نەبێت، ئەگەرنا لە كاتێكدا جەستەی نیشتمانەكەمان هێشتا پڕە لە برین و رۆژانە پێشمەرگە تاك تاك و پۆل پۆل بە دەستی تیرۆرستانی داعش لێرە و لەوێ شەهید دەكرێن، چ پێویست دەكات ئەو باڵەی ناو ئەو حزبە بەرەیەكی تری شەڕی ئیعلامی لە دژی پارتی بكاتەوە، ئایا گەلی كورد چ سوودیكی لێ دەبینێت جگە لە تیرۆرستان و دوژمنانی گەلەكەمان نەبێت".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، "ئەگەر ئەم شەڕەیان بۆ خەڵكێكی دیكە نییە، بۆچی لە كاتێكی وا هەستیاردا بەرپایان كردووە، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە یەكڕیزی و كۆدەنگی هەیە، بەڵام ترسم ئەوەیە نەوەك ئەو باڵەی یەكێتی بە هاوكاری و بەهاناوەهاتنی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان تەنگاو بووبێت، لەبەر ئەوەی ئەم بەهاناوەهاتنە جگە لەوەی هۆكارێك بوو بۆ سەرنەكەوتنی پیلانی تیرۆریستان، لە هەمان كاتیشدا سەلێمێنەری راست و دروستیی سیاسەتی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو لە مامەڵەكردن لەگەڵ دنیای دەرەوەدا".
(فەرحان) زیاتر گوتی، "ئەگەر ئەو میللەتە بەتەمای سیاسەتی ئەو باڵەی ناو ئەو حزبە بووایە كە زۆر لە مێژە بووەتە ئەسیری سیاسەتی هەرێمایەتی و ناوچەیی، جگە لە پارێزگایەكی تری عێراق هیچی دیكە نەدەبووین".
ئەو هەروەها راشیگەیاند، "حەقە ئەو باڵەی ناو ئەو حزبە مشوورێكی باری لاری حزبەكەیان بخوات و گەلی كوردستانیش پێویستە ئەو پرسیارەیان لێ بكات، ئەرێ حزبێك بێت تەنیا خەمی گەورەی ئەوە بێت بەرژەوەندیی باڵێك بپارێزیت و خەمی حزبەكەی خۆیشی نەبێت، چۆن خەمی خەڵكی تری دەبێت؟ ئەگەر ئەو باڵە دەیەوێت بە شكستی هەندێك بەرپرسەكانی پێشمەرگەی پارتی لە پاراستنی خەڵكی خۆشەویستی ئێزدی لە شنگال، ئەو ئیدارەدانە و زاڵبوونەی خۆی بەسەر یەكێتیدا درێژە پێ بدات و چۆنیەتیی ئەو بەڕێوەبردنە دواكەوتووانەیە لە بیر خەڵكی كوردستان و باڵەكانی تری ناو حزبەكەی بباتەوە، ئەوا بۆ خۆیان واچاكە رێگایەكی تر هەڵبژێن، نەك دژایەتیی پارتی".
پەرلەمانتارەكەی پارتی ڕوونیشی كردەوە، "باوەڕ ناكەم لە ئێستادا پارتی بواری ئەوەی هەبێت خۆی بەو شەڕە ئیعلامییەی ئێوە بەرپاتان كردووە، سەرقاڵ بكات، چونكە ئەركی پێویستتر و گەورەترمان لە پێشە، لە كۆتاییدا هیوادارم كۆتایی بەو شەڕە بێنن، كە تەنیا و تەنیا لە قازانجی دوژمنانی گەلی كوردستانە".
بڵند ئیبراهیم




