ئومێد خۆشناو هۆشداری دەداتە هەندێک لە یەکێتییەکان

هەولێر-KDP.INFO- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان، نیگەرانیی تەواوی خۆی بەرانبەر بە هێرشی "ناڕەوا و چەواشەکارانە"-ی هەندێکی بەرپرس و پەرلەمانتار و ڕاگەیاندنکارانی یەکێتیی نیشتیمانی دەربڕی و دەڵێت، "ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بڵێین، بێدەنگیی دەشکێنین و لەو دەنگە گوماناوییانە دێینە دەنگ کە دەیانەوێ دەستی چەوری خۆیان بە خەڵکی دی بسڕن."
(ئومێد خۆشناو) بە KDP.INFO–ی ڕاگەیاند، "دەمێکە و تایبەت پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییەیش، هەندێکی یەکێتییەکان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، پەرلەمان و ڕاگەیاندنکارانیشیان، زۆر نابەرپرسانە مامەڵە دەکەن و قسەی سەیر دەکەن.. تەنانەت لەسەر ئاستی شەقامیش هەست دەکرێ کە گرووپی ئەم و ئەو، بە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش دڵخۆشن و بە مەبەست هەوڵ دەدەن خەڵکی بخەنە دۆخی دوودڵییەوە."
(خۆشناو) زیاتر گوتی، "جیا لەو حاڵەتەی باسم کرد، دەیانەوێ هەرچیی سەروەریی پێشمەرگەی کوردستان هەن، بە حیزبی بکەن و چەند کەسێکی نێو کۆشک و تەلارەکانیان بکەنە قارەمان و کوڕی خەڵکی ئازارچەشتووی نێو سەنگەرە پیرۆزەکانی بەرگرییش پەراوێز بخەن و بە کەم سەیریان دەکەن."
وەک سەرۆکی لیستی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ئەو ماوەی ڕابرد بە هۆی چەند هۆکارێکەوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە کە ئەمانەن: "کاتی خۆمان بۆ یەکڕیزی هەڵبژارد و بەرگرییمان لە خاکی کوردستان و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ڕووداوەکان، لە هەموو شتێک بە لاوە گرینگتر بوو. دەمێکە گوتوومانە، ئێمە کاتی خۆمان بە دۆخی هیوا بۆ نەخوازی ئێوە سەرقاڵ ناکەین و کاتەکانمانی پێ بە فیڕۆ نادەین. زۆریش دڵنەواییی کێشە نێوخۆییەکانی ئێوەمان کردووە و لەوە تێ دەگەین کە، خۆکۆکردنەوەتان و نەبوونی یەکدەنگی و یەک ئاراستەییتان کارێکی وەها ئاسان نییە. بەڵام کاتێ سنوورتان بەزاند، ئێمەیش ناچارین بڵێین چێدی بێدەنگبوونمان لە بەرنبەر بە چەواشەکارییەکانتان، دەمانخاتە بەردەم بەرپرسارەتیی نیشتیمانی و نەتەوەیییەوە."
(ئومێد خۆشناو) وەک هۆشداریێکیش زیاتر گوتی، "بێدەنگ بن باشترە، ئەگینا هێندەمان ڕاستی لایە کە بۆ ڕای گشتی ئاشکرایان بکەین، شیواویتان زۆر لە دۆخی ئێستاتان زیاتر تەنگاوتان دەکات."




