نێچیرڤان بارزانی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای ئاوارەكانەوە نەیەن، ڕووبەڕووی كارەساتی مرۆیی دەبنەوە

هەولێر-kdp.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پێویستە كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵات و لایەن و ڕێكخراو و دامودەزگا نێودەوڵەتییە كۆمەكبەخشانە ساز بكرێت كە كۆمەك و هاوكاریی مرۆیی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی بتوانێت وەك پێویست بە هانای ئەو ژمارە زۆری پەنابەران و ئاوارەكانەوە بچێت. دەشڵێت، ئەگەر هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی بۆ بەهانەوەچوونی ئاوارەكانی هەرێم نەكرێت، ڕووبەڕووی كارەساتێكی مرۆیی دەبنەوە.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی ئابی 2014، پێشوازیی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق (دۆنی گۆیێر) كرد كە بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی و بۆ ماڵئاواییكردن سەردانی بەڕێزیانی كرد. بەڕێز سەرۆكوەزیران سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە باڵیۆزی فەڕەنسا كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا ڕۆڵێكی دیاری لە برەودان بە پەیوەندییەكانی كوردستان و فەڕەنسادا گێڕاوە و هیوای خواست لە كار و ئەركی داهاتوویدا سەركەوتوو بێت.
لای خۆیەوە باڵیۆزی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕووەكانی ئاساییش و ئارامی و ئابووری و كۆمەڵاتییەوە دەربڕی و هاوسۆزیی خۆی و وڵاتەكەی لەگەڵ ڕەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان نیشان دا و دووپاتی كردەوە كە فەڕەنسا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پشتگیری لە هەرێمی كوردستان دەكات.
هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نێوان هەردوو بەڕێزان (سەرۆك هۆلاند) و (سەرۆك بارزانی) دا و خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ هەولێر دەربڕی و ڕایگەیاند كە، فەڕەنسا بە تەواوی پشتگیریی ئەو هەڵمەتە نێودەوڵەتییە دەكات كە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بۆ هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی كوردستان لە دژی تیرۆرستانی داعش هاتووەتە كایەوە و تیشكی خستە سەر ڕۆڵی فەڕەنسا لە هاندانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەورووپا بۆ پشتگیریی هەرێمی كوردستان و بەهاناوەچوونی ئەو پەنابەر و ئاوارانەی ڕوویان لە ناوچە ئارامەكانی كوردستان كردووە.
سەرۆكوەزیرانیش پوختەیەكی دەربارەی پێشڕەویكردنی پێشمەرگە لە هەموو بەرەكاندا لە دژی داعش خستە ڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی حكوومەت و خەڵكی كوردستانی پێشكەش بە فەڕەنسا كرد بۆ ئەو ڕۆڵە گەورەیەی لە دابینكردنی پشگیریی نێودەوڵەتیدا بۆ كوردستان بینیویەتی.
دووپاتیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زۆر زیاتری نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی وەك پێویست بە هانای ئەو سەدان هەزار ئاوارانەوە بچێت كە لە ترسی داعش ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە، چونكە بارەكە زۆر لەوە قورسترە كە بە تەنیا لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت.
(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها داوای كرد كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵات و لایەن و ڕێكخراو و دامودەزگا نێودەوڵەتییە كۆمەكبەخشانە ساز بكرێت كە كۆمەك و هاوكاریی مرۆیی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی بتوانێت وەك پێویست بە هانای ئەو ژمارە زۆری پەنابەران و ئاوارەكانەوە بچێت كە ئێستا لە زۆربەی شارە گەورەكانی هەرێمی كوردستاندا گیرساونەتەوە و پێویستییان بەوپەڕی كۆمەك و هاوكاریی مرۆیی هەیە و ئەگەر هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی بۆ بەهانەوەچوونیان نەكرێت، ڕووبەڕووی كارەساتێكی مرۆیی دەبنەوە.




