ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ: بەم زووانە ئێزدییەكان دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان

مووسڵ-KDP.INFO- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایدەگەیەنێت، پێویستە گەلی كوردستان و بە تایبەتیش ئێزدییەكان بە داهاتووی كوردستان گەشبین بن. دەشڵێت، بە پاڵپشتیی هێزی پێمەرگەی كوردستان ئەو جێگایانەی كە ئێستا لە دەستی چەكدارانی تیرۆریستی داعشدان، لە نزیكترین وەختدا دەكەونەوە دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خەڵكی ئاوارەی ئەو ناوچانەیش دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (گوڵستان شێخ حەسەن) بە kdp.info-ی راگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێكی زۆر گرنگ و مێژووییە بۆ گەلی كوردستان و پێویستە هەموومان پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بین بە تایبەت لەو جێگایانەی كە ئێستا پێشمەرگەكانی كوردستان بە خوێنی خۆیان بەرگرییان لێ دەكەن، پێویستیشە گەلی كوردستان و بە تایبەتیش ئێزدییەكان بە داهاتووی كوردستان گەشبین بن كە ئەمڕۆ جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەموو كەس زیاتر خەمخۆری پێكەوەژیانی هەموو ئایین و نەتەوەكانە لە كوردستاندا".
گوتیشی، "بە ئومێد و گەشبینییەكی زۆرەوە و بە پاڵپشتیی هێزی پێمەرگەی كوردستان، ئەو جێگایانەی كە ئێستا لە دەستی چەكدارانی تیرۆریستی داعشدان، لە نزیكترین وەختدا دەكەونەوە دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خەڵكی ئاوارەی ئەو ناوچانەیش دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان".
(گوڵستان) ڕوونیشی كردەوە، "سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان و پارێزگای دهۆك دەكەین بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و داواكارین هەڵمەتێكی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ هاوكاریكردنمان بكرێت و شنگال و ناوچەكانی دیكە لە لایەن پێشمەرگەوە ئازاد بكرێن و هەوڵ بدرێت لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پارێزگاری لە ناوچەكانی كوردانی ئێزدی بكرێت".
حەكیم حیكمەت




