کۆنسووڵی بەریتانیا: لە خۆشی و ناخۆشیدا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەبین
__2014_08_18_h16m17s32__LB.jpg)
هەولێر-KDP.INFO- سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دەخوازن حکوومەتی بەریتانیا، لە بواری سەربازی و مرۆیی و خزمەتگوزارییدا هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەتیش فریاکەوتنی خێرا بۆ ئاوارەکان دابین بکات. لە بەرانبەردا کۆنسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان (ئەنکس مەکی)، گوتی "بەریتانیا لە خۆشی و ناخۆشیدا پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکات، بارودۆخی ئاوارەکانیش بۆ ئێمە مایەی نیگەرانییە بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمان لە ماوەی ڕابردوودا نوێنەر و کۆنسووڵگەریی وڵاتانی لە کارەساتی ژیانی ئاوارەکان ئاگادارکردووەتەوە. سەرۆکی پەرلەمان وایگوت.
سەرۆکی پەرلەمانی کورستان(د.یووسف محەممەد سادق) لەمیانی پێشوازیکردن بوو لە کۆنسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان(ئەنکس مەکی)، کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18 ئاب سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆکی پەرلەمان تیشکێکی خێرای خستە سەر ڕەوشی ژیانی ئاوارەکان بە گشتی و ئاوارەکانی ناوچەکانی گەرمیان بە تایبەتی، کە دوێنێ لە سەردانێکی مەیدانیدا ئاوارەکان و هێزی پێشمەرگە و بەرپرسانی ئیداریی ئەو ناوچەیەی بەسەر کردەوە.
لە بارەی ژیانی ئاوارەکانەوە، سەرۆکی پەرلەمان گوتی "ئاوارەکان لە ناوچەکانی گەرمیان لە ژیانێکی خراپدان، هیوادارین حکوومەتی بەریتانیا لە ڕووی خزمەتگووزاری و هاوکاریی مرۆییەوە هاوکاریمان بکات بۆ کردنەوەی کەمپی تایبەت بۆ ئەو ئاوارانە."
لەبارەی ڕەوشی ژیانی پێشمەرگەیشەوە، سەرۆکی پەرلەمان گوتی، "پێشمەرگەی کوردستان ئێستا پارێزەری ماڵ و خاکی کوردستانن، بۆیە یەکێک لە بڕیارەکانی پەرلەمان بۆ حکوومەتی هەرێم باشکردنی ژیان و گوزەرانی هێزی پێشمەرگەیە، داواکارین بەریتانیاش لە ڕووی سەربازی و لۆجستییەوە هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات."
لەبەرامبەردا، (ئەنکس مەکی) کۆنسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کرد بۆ پێدانی ئەو زانیارییانە لەبارەی پێشمەرگە و ئاوارەکانەوە، چالاکی و بەدواداچوونەکانی پەرلەمانی کوردستانی لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان بەرز نرخاند، لەبارەی هەڵوێستی فەرمی حکوومەتی بەریتانیایشەوە، (ئەنکس مەکی) گوتی "بەریتانیا لە خۆشی و ناخۆشیدا پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکات، بارودۆخی ئاوارەکانیش بۆ ئێمە مایەی نیگەرانییە و هیوادارین نزیکبوونەوە و هاوکاریی حکوومەتی هەرێم و ناوەند کۆتایی بێنێت بە ڕەوشی ژیانی ئاوارەکانی کوردستان."




