دهۆك.. لە مزگەوتەكاندا پتر لە 273 ملیۆن دینار بۆ ئاوارەكانی شنگال و زوممار كۆ كرایەوە

دهۆك-kdp.info- دوای ئەوەی لە دەستپێشخەرییەكدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆك بە هاوكاریی لقی دهۆكی یەكیەتیی زانایانی ئایینی بە مەبەستی یارمەتیدانی ئاوارەكانی شنگال و زوممار داوای لە هەموو گوتاربێژان كرد كە هاووڵاتیان بۆ هاریكاریكردنی ئاوارەكان هان بدەن، تواندرا پتر لە 273 ملیۆن دینار كۆ بكرێتەوە.
سەرۆكی لقی دهۆكی یەكیەتیی زانایانی ئایینی مەلا (ئەنەس دۆسكی) ڕایگەیاند، گوتاری رۆژی هەینیی ڕابردوو لە سەرانسەری پارێزگای دهۆك بۆ كۆكردنەوەی یارمەتی و هاندانی خەڵك بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی شنگال و زوممار تەرخان كرا، هاووڵاتیان بەپیل بانگەوازەكەوە هاتن و تواندرا زیاتر لە 273 ملیۆن دینار كۆ بكرێتەوە و ئەو بڕەپارەیەیش بە سەرپەرشتیی لیژنەیەكی باڵای ئەوقافی دهۆك و یەكیەتیی زانایانی ئیسلامی، بەسەر برا ئاوارەكانی شنگال و زوممار لە دهۆكدا دابەش دەكرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆك (سەمیان عەبدولخالق) گوتی، "لە هەر شارۆچكەیەك، لیژنەیەك بۆ یارمەتیدان و كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ ئاوارەكان پێك هاتووە و هەر بۆ ئەو مەبەستەیش ئێمە هەینیی ڕابردوو بڕیارمان دا سندووقی مزگەوتەكان بۆ هاریكاریكردنی برا ئاوارەكان تەرخان بكرێن".
ڕوونیشی كردەوە كە، ئەو پارەیەی كە لە تێكڕای سنووری پارێزگای دهۆكەوە دەست لیژنەكە كەوتووە، 273 ملیۆن و 644 هەزار دینارە و بەو بڕەپارەیەیش پێداویستی و كەلوپەل بۆ ئاوارەكانی شنگال و زوممار لە پارێزگای دهۆك دابین دەكرێت.
دڵدار ئیبراهیم




