پەیامێك لە مەسروور بارزانییەوە
__2014_08_17_h19m4s47__LB.jpg)
هەولێر-KDP.INFO- مەسروور بارزانی پەیامێكی لەبارەی هاوكاریی هاووڵاتییانی كوردستان و وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و بە تایبەتیش رۆڵی دەزگای خێرخوزایی بارزانی لە هاوكاریكردنی پەنابەران راگەیاند كە ئەمە دەقەكەیەتی:
لە ئەنجامی رەفتارە نامرۆڤایەتییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، كە پێشێلی سەرجەم پڕەنسیپ و بەها مرۆڤاتییەكانی كردووە، ژمارەیەكی زۆر لە كوردستانییان، بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بە تایبەتی برایانی ئێزدی و مەسیحی و شەبەك لە شنگال و دەوروبەری موسڵ، زێدی باوباپیرانی خۆیان جێهێشتووە و روویان لە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان كردووە. لە سەر راسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی دەستبەجێ هەموو هەوڵ و توانایەك خرایە كار بۆ هەرچی زیاتر خزمەتكردنی ئەو برایانەمان، لەم بارەشەوە خەڵكی خۆشەویستی كوردستان وەك هەمیشە هەستی مرۆڤ دۆستی خۆیان بۆ برا ئاوارەكان پیشان دا، بە پێشكەشكردنی هاوكاری بە برا ئاوارەكان پێگەی كولتووری و مرۆڤدۆستانەی كوردستانیانیان پتەو كرد، هەروەها رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوە مرۆییەكانی هەرێمی كوردستانیش درێخییان نەكردووە، لە گەیاندنی هاوكاری بۆ برا ئاوارەكان و هەموو ئەو هەوڵە مرۆییانە جێگەی دەستخۆشییە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئاماژەیەكی تایبەت بە كار و چالاكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بدەین كە، رۆڵێكی بەرچاو و كەموێنە دەگێرێت لە گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری بە برا ئاوارەكان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەو كارانەیان شانازی گەورە و مێژوویی تۆمار دەكەن، بۆیە جێی خۆیەتی لێرەدا بە تایبەتی دەستخۆشی و ماندوونەبوون لە سەرجەم كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بكەین كە هەر وەك چۆن لە سەرەتای دامەزراندنییەوە رۆڵی بەرچاو و شیاویان لە خزمەتكردن بە خەڵكی كوردستان بینیوە. داواشیان لێ دەكەین بەردەوام بن لە گەیاندنی هاوكارییەكانیان بە برا ئاوارەكان و هەموو هەوڵ و توانایەكیان بخەنە كار بۆ خزمەتكردنی زیاتریان لە سەرجەم شارەكانی كوردستان، بەڵێنی پشتگیریی بەردەوامیان پێ دەدەین و داوا لە خەڵكی كوردستانیش دەكەم لە رێگای (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)-یەوە یان راستەوخۆ، بەردەوام بن لەسەر گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری بە برا ئاوارەكان، تاو ئەو كاتەی سەربەرزانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
دڵسۆزتان
مەسروور بارزانی




