٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ، شاندی دانوستانکاری کورد پێک دەهێنرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.INFO-  ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری کورد پێک دەهێنرێت و وایش بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی بەغدا بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پێکھێنانی کابینەی نوێوە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان (بیلال سلێمان) بە kdp.infoی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باس لە دوو تەوەر کرا، یەکەمیان ھەرلایەنێک پێشنیازەکان لەبارەی چۆنیەتیی بەشداریکردنی کورد لە حکوومەتی نوێ ئامادە بکات بۆئەوەی بکرێتە وەرەقەیەک و لەسەر ئەو وەرەقەیە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن.. تەوەری دووەم باس لەوە کرا کە پێداچوونەوە بە لیژنەی دانوستانکار بکرێت، چونکە ھاوپەیمانیی نیشتیمانی داوای کردووە شاندی دانوستانکار سێ کەس بن و ئێمەیش ئەو پێشنیازەمان قبووڵ کردووە."

(بیلال سلێمان) گوتیشی: "لیژنەی دانوستانکاری کورد، پێنج کەس دەبن و نوێنەری ھەر پێنج لایەنە سەرەکییەکەی ھەرێمی کوردستانی تێدا بەشدار دەبێت،بەڵام لەکاتی گفتوگۆکردن تەنیا سێ کەس بەشدار دەبن و جگە لەو لیژنەیە، لیژنەیەکی دیکەیش بۆ پشتیوانیکردن لەو لیژنەیە پێک دێت و مەرجەعی سیاسی لە کوردستان و سەرۆکی ھەرێم وسەرۆکی ھەر پێنج لایەنی سیاسیی ھەرێم دەبێت."

 ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ راشیگەیاند، ئەگەری ئەوە ھەیە ئەو لیژنەی پێشتر بۆ دانوستانکارکردن دروست ببوو، گۆڕانکاری تێدا بکرێت و بڕیاریش وایە، ئەمڕۆ ئەو لیژنەیە پێک بێت.

(سلێمان) زیاتر گوتی، "داواکارییەکانی ئێمە جیاواز دەبێت لەوەی پێشووتر و، پێویستە ئەم جارە بۆ جێبەجێکردنی گەرەنتیی ھەبێت و ئەوانیش بە زارەکی ڕازی بوونە، بەو مەرجە و بڕیارە لە دەرفەتێکی نزیکدا شاندێکی بەغدا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و ئەگەر پێویست بکات شاندی ئێمەیش سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکھێنانی کابینەی نوێ."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار