٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەڕەنسا.. هەردوو پارتی سۆسیالیست و كۆمۆنیست پشتیوانیی خۆیان بۆ ئێزدی و مەسیحییەكانی هەرێم راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

فەڕەنسا-kdp.info-دوێنێ نوێنەرانی هەر دوو پارتی سۆسیالیست و پارتی كۆمۆنیستی فەڕەنسا، لە گردبوونەوەیەكی جەماوەریدا كە كوردانی هەر چوار پارچەیش تێیدا بەشدار بوون، وتاریان پێشكەش كرد و پشتیوانیی خۆیشیان بۆ گەلی كورد و ئەو نەهامەتییەی بەسەر كوردە ئێزدییەكاندا هاتووە، پێشان دا.

رۆژی شەممە 16/08/2014 لە مەیدانی هەشتی سێپتامبەری شاری بۆزانسۆنی فەڕەنسا، لە لایەن كۆمەڵەی كولتووری كورد لەم شارە، كۆبوونەوەیەكی بەرینی جەماوەری بە بەشداریی كوردی هەر چوارپارچەی كوردستان بۆ سەركۆنەكردنی تاوان و كردە وەحشیگەرییەكانی داعش لە هەمبەر داگیركردنی شنگال و كوشتنی كوردە ئێزدییەكان و مەسیحییەكان، بەڕێوە چوو.

كۆبوونەوەكە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب دەستی پێ كرد و وتاری كۆمەڵەی كوردانی بۆزانسۆن لە لایەن (شێخ موبارەك خەزنەوی) بە سێ زمانی كوردی و عەرەبی و فەڕەنسی پێشكەش كرا.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی هەر دوو پارتی سۆسیالیست و پارتی كۆمۆنیستی فەڕەنسا وتاری خۆیان پێشكەش كرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلی كورد و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر كوردە ئێزدییەكاندا هاتووە، دەربڕی.

لە درێژەی بەرنامەكەدا چەند كەسایەتییەكی ئێزدی سەبارەت بە ئایینی ئێزدی بە دوو زمانی كوردی و فەڕەنسی قسەیان كرد.

كۆمەڵەی كلتووری كورد لە بۆزانسۆن ساڵی 2013 لە بۆزانسۆنی فەڕەنسا دامەزراوە و نوێنەرانی هەموو بەشەكانی كوردستان تێیدا ئەندامن و هەوڵ دەدا ببێ بە پردێك لە نێوان دوو نەتەوەی كورد و فەڕەنساییەكان لەم شارە و پتر كلتوور و شارستانییەتی نەتەوەی كورد پێشانی رای گشتی لەو وڵاتەدا بدات.

جەمال نەجاری

 

هەواڵی پەیوەندیدار