٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی 16ـی ئاب لە (سەرۆك بارزانی) و مەكتەبی سیاسیی پارتی پیرۆز دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-kdp.info- مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ پیرۆزبایینامەیەكی بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە ئاڕاستەی (سەرۆك بارزانی) و مەكتەبی سیاسی و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی كرد.

ئەمەیش دەقەكەیەتی:

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

جەنابی (مەسعوود بارزانی)

بەڕێزان!

جێگری سەرۆك و مەكتەبی سیاسیی پارتی

پاش رێز و سڵاوی گەرممان..

بە بۆنەی 16-ی ئابەوە، رۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بە ناوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییەوە، پیرۆزباییەكی گەرمتان لێ دەكەین و ئومێدەواریشین، ئەم یادە، بە سەركەوتن بۆ گەلەكەمان و هێزە سیاسییەكانی بەسەر دوژمنانی دیموكراسیدا بگێڕین.

بەڕێزینە..

وا لە هەلومەرجێكی تریشدا، دوای سەركەوتنی ئەزموونی فیدراڵ لە كوردستاندا، دوژمنێكی تیرۆریستی فاشیستی، كە لە كون و كەلێنی كۆمەڵ و هزری دواكەوتووی خەڵكدا، كنەیان دەكرد و خۆیان بۆ دواجەنگی دوژمنایەتی دیموكراسی و ئازادییەكان مەڵاس دابوو، وا ئەم دوژمنەیش، لە ناوچەكەدا و لە عێراقدا، هێزە (سەلەفییە- تیرۆریستییەكانی) لە تەواوی جیهاندا كۆ كردووەتەوە و بە هەموو توانایەكی رەشەكوژییەوە، لە باشووری كوردستاندا، پیلانی شۆڕشی چەواشە دەسەپێنن و تاوانی سەدەكانی ناوەڕاست ئەنجام دەدەن.

ئەم دوژمنەیش، لەم هەلومەرجەشدا، لە ڕووی بابەتییەوە، دیسان دەریخستەوە كە گەلەكەمان، هێشتا رێگایەكی درێژ و سەختی بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی لە بەردەمدایە. رێگەیەك، یەكێتیی هێزە كوردستانییەكانی لە بەرامبەر تەواوی دوژمنانی رزگاری و دیموكراسیدا، كردووەتە پێویستییەكی ستراتیژی قۆناخەكە.

بەڕێزان..

سەرەڕای كارەساتەكەی شنگال و قوربانی و زیانەكان، بەڵام خۆڕاگریی پێشمەرگە و پشتیوانیی دڵسۆزانەی نەتەوەكەمان و، بەهانا هاتنی وڵاتە گەورەكان، نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكێتیی ئەورووپا و رای گشتیی جیهان، گومانی نەهێشت كە سەنگی ئەزموونە دیموكراسییەكەمان چەندە و ئەم بەرەنگارییەیش دژی (بەعس- داعش)ـەكان، چ كاریگەرییەكی مێژوویی بۆ سەر رای گشتی و بڕیاری نێودەوڵەتی هەبوو. دەتوانین بڵێین: تەنانەت كوردستان بوو بە مەیدانی كۆكردنەوەی ئازادیخوازان بۆ بەرهەڵستیی دوژمنانی ئازادی، ئەمەیش دەروازەیەكی نوێی مێژوویی بۆ كێشەی دیموكراسی سەراپای كوردستان كردەوە، كە ببێتە كێشەی پلەیەكی دیموكراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەڕێزینە..

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كاتێكدا سەلماندییەوە كە چ هێزێكی شۆڕشگێڕی رۆژگاری هەڕەشەیە بۆ سەر كوردستان و ئازادی، لە هەمان كاتدا، پاراستنی پەیوەندیی سیاسیی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەپێی ئەركەكانی قۆناخە نوێكە، هەروەها لەگەڵ هێزە كوردستانییەكاندا، لە هەموو كاتێك زیاتر بە ئەركی سیاسی و نەتەوەیی خۆی دەزانێ.

جارێكی دیكە، پیرۆزبایی گەرممان ئاراستەی بەڕێز سەرۆكی پارتی و مەكتەبی سیاسی، لە ڕێی بەڕێزیشتانەوە پیرۆزبایی لە یەكەبەیەكەی ئەندامانی پارتی لە كوردستاندا، بە بۆنەی یادی (68)ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتە تێكۆشەرەكەتان لێ دەكەین.

لەگەڵ رێزی دووبارەمان

- سڵاو لەهێزی پێشمەرگە

- نەوازش بۆ شەهیدە نەمرەكان

- شكست و رووڕەشی بۆ تیرۆریستان

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

16-ی ئابی 2014    

هەواڵی پەیوەندیدار