فازڵ میرانی: پەیامی پارتی ڕوونە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش پشگیریی لە كورد دەكات
__2014_08_16_h16m53s31__BA.jpg)
دهۆك-KDP.info- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، سەری ڕێز بۆ هەموو شەهیدەكان بە تایبەتی هیی دەڤەری شنگال دادەنەوێنێت و دەڵێ، "ئەوەی بەرانبەر بە خوشك و براكانیشمان كراوە، شەرمەزاری دەكەین." دەشڵێت، "ڕاستە ئێمە لە هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر شنگال و هەنێك دەڤەری تر زەرەرمەند بووین، بەڵام لە لایەكی دیكەوە بە جیددی پشتیوانی لە سیاسەتی ڕاستی پارتی و (سەرۆك بارزانی) كراوە، ئەویش لەلایەن ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییەوە كە بە كۆی دەنگ بڕیاریان دا لە دژی تیرۆر پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان بكەن و بەپیر بانگەوازی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە هاتن و ئەندامانانی ئەو یەكیەتییە و یەكیەتیی ئەورووپایش، بەدەم بانگەوازیی كوردەوە هاتن، هەروەها (سەرۆك ئۆباما) و دراوسێكانیشمان بە تایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوەختە هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەر تیرۆرێك لە عێراقدا."
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فازڵ میرانی) لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، بۆ KDP.infoگوتی، "لە یادی دامەزراندنی 68 ساڵەی پارتیی دیموكراتی كوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی (كاك مەسعوود بارزانی) و (كاك نێچیرڤان بارزانی) و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و لق و ناوچەكانی پارتی و ئەندام و لایەنگران و هەوادارانی پارتی دەكەم، پیرۆزبایی لە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە بەرگری لە هەرێمی كوردستان دەكەن، لەم ڕۆژە مێژووییەدا قۆناخی دامەزراندنی حزبێكی مێژوویی و دیرۆكیی نەتەوەییە كە مامۆستا و دامەزرێنەرەكەی (بارزانیی نەمر) بووە، لە ئێستایشدا كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە دۆخێكی هەستیاردا گوزەر دەكەن كە ململانێ لە نێوان ڕاستی و تیرۆردا، مرۆڤایەتی و نائینسانییەتدا، لە نێوان بەرچاوڕوونی و بەرچاوڕەشیدا پەیدا بووە و ئەمڕۆیش عێراق بە شێوەیەكی گشتی و كوردستانیش بە شێوەیەكی تایبەتی بە قۆناخێكدا تێدەپەڕێت كە شەڕی تیرۆر ئەركی هەموو مرۆڤێكە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو كەسانەی پشگیریی تیرۆریش دەكەن، ئەركی هەموو مرۆڤێكە، بۆیە سەری ڕێز بۆ هەموو شەهیدەكان بە تایبەتی هیی دەڤەری شنگال دادەنەوێنین و ئەوەی بەرانبەر بە خوشك و براكانیشمان كراوە، شەرمەزاری دەكەین."
(میرانی) هەروەها ئاماژەی دا، "سوپاسی ئەو خۆڕاگرانە دەكەین بە تایبەتی ئەوانەی لەسەر چیاكان ماون و هەروەها دەستخۆشییش لە پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، كادیر و ئەندامانی خۆمان لەو دەڤەرە دەكەین و سوپاس بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی دهۆكیش كە بە سینگفراوانی ئەو دۆخەیان قبووڵ كردووە."
دەشڵێت، "ڕاستە ئێمە لە هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر شنگال و هەنێك دەڤەری تر زەرەرمەند بووین، بەڵام لە لایەكی دیكەوە بە جیددی پشتیوانی لە سیاسەتی ڕاستی پارتی و (سەرۆك بارزانی) كراوە، ئەویش لەلایەن ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییەوە كە بە كۆی دەنگ بڕیاریان دا لە دژی تیرۆر پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان بكەن و بەپیر بانگەوازی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە هاتن و ئەندامانانی ئەو یەكیەتییە و یەكیەتیی ئەورووپایش، بەدەم بانگەوازی كوردەوە هاتن، هەروەها (سەرۆك ئۆباما) و دراوسێكانیشمان بە تایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوەختە هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەر تیرۆرێك لە عێراقدا."
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، "ئەمڕۆ فڕۆكەكان بە هاوبەشیی پێشمەرگە شەڕ دەكەن و هێزی كوردی جارێكی دیكە چووە ناو چوارچێوەی نێودەوڵەتییەوە، كە ئەمەیش دەسكەوتێكی گەورەیە و هیوادارین لەو ڕۆژەدا مێژووی خۆمان بخوێنینەوە و سەرفرازیمان بهێنینە پێش چاو، هەروەها كەموكورتییەكانی خۆمان لە بەرچاو بگرین و چارەیان بكەین".
گوتیشی، "پێشمەرگەی ئێمە قارەمانن و بەردەوام دەبین لە ڕزگاركردنی ناوچەكان و بێ هیچ شك و گومانێك ئازادیان دەكەین، ئەوەیش باشە كە پشتیوانیی نێودەوڵەتیمان بۆ پەیدا بووە و هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی هاوكاریی خەڵكی شنگال بكەین، پێویستە هەموو ڕاگەیاندنەكانیش پەیامی ئێزدییەكان بگەیەنن كە ئەم پەیامە بە دروستی بگەیەنرێتە جیهان بۆ ئەوەی جارێكی دیكە خەڵكی شنگال بە سەربەرزی بچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
بەكر - حەكیم




