گوێڕ.. ڕێ لە هیچ خێزانێك نەگیراوە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی

گوێڕ-KDP.INFO- دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی رێگریكردن لە گەڕانەوەی خێزانە عەرەبەكان بۆ شوێنی خۆیان لە شارەدێی گوێڕ، سەرچاوەیەك لە فەرماندەیی بارزان لە ناوچەكە دەڵێت، ئەو ئەو هەواڵە لە راستییەوە دوورە و رێگری لە هیچ خێزانێك نەكراوە و خەڵك بەردەوام بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەری ئیدارەی فەرماندەیی بارزان لە میحوەری گوێڕ عەقید (ناجی سیامەند) بە kdp.info-ی راگەیاند، دوای ئازادكردنەوەی شارەدێی گوێڕ لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، خەڵكێكی زۆر لە ئێستادا دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و تاوەكو ئێستایش بەردەوامە.
عەقید (ناجی) گوتیشی، رێگری لە هیچ خێزانێك نەكراوە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵەكانیان، بەڵام بە هۆی رەوشی ئەمنییەوە میكانیزمێك دانراوە و لە رێگەی ئەو میكانیزمەوە خەڵك دەگەڕێتەوە، ئەمەیش بە مەبەستی سەلامەتیی ئەوانە.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، میكانیزمەكەیش زیاتر خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە پێویستە ئەو خەڵكەی بۆ سەر ماڵەكانیان دەگەڕێنەوە، لەرێگەی ئاسایی و گشتی ئەو ناوچەیە بێت نەك بە شێوەیەكی قاچاخ بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانیان.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، سایتی سۆمەرییە نیوز بڵاوی كردووەتەوە كە، هێزی پێشمەرگە و ئاساییش رێگری لە گەڕانەوەی خێزانە عەرەبەكان دەكەن و ناهێڵن بۆ سەر ماڵەكانیان بگەڕێنەوە و تەنیا رێگە بە خێزانە كوردەكان دەدەن.
بڵند ئیبراهیم




