٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ئاكرێ و بەڕدەڕەش 8750 ئاوارە نیشتەجێ كراون

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- پاش ئەوەی خەڵكێكی زۆر لە دەست چەكدارانی تیرۆرستی داعش لە مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق هەڵاتن و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەشێك لەو ئاوارانە لە سنووری ئاكرێ و بەڕدەڕەش نیشتەجێ كران.

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك و سەرپەرشتیاری ئاوارەكانی هەردوو قەزای ئاكرێ و بەڕدەڕەش (جەمیلە محەممەد حاجی) بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، "ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بەسەر چەند لیژنەیەكدا دابەش بووین بۆ چاودێریكردنی ئەو برا ئاوارانەی كە لە سنووری پارێزگای مووسڵ و ناوچەكانی دیكە لە دەست تیرۆریستانی داعش هەڵاتوون بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوش و گوزەرانیان بین و بە جوانترین شێوە بتوانین خزمەتیان بكەین، هەروەها داواكاری و پێداویستییەكانیان بۆ حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بخەینە ڕوو و هەندێك لە خەمەكانیان سوك بكەین".

گوتیشی، "لەبەر ئەوەی قەزای بەردەڕەش و ئاكرێ لە مووسڵ نزیكن و ئاوارەیەكی زۆری تێدایە، لە قەزای ئاكرێ 2750 كەس نیشتەجێ كراون و لە قەزای بەڕدەڕەشیش 6000 كەس نیشتەجێ كران، ئەو رێژەیەش تا دێت لە زیادبووندایە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك دەشڵێت، "زۆربەی ئەو ئاوارانە لە شوێنە گشتییەكانی وەكو قوتابخانە و دوكان و خانووە تەواونەكراوەكان نیشتەجێ كراون و هەوڵ دەدەین شوێنی شیاویان بۆ دابین بكەین و بەپێی بریاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) رۆژانە خواردن و خواردنەوەیان  بۆ ئامادە دەكرێت و بریارە لە چەند رۆژی داهاتوویشدا بڕی یەك ملیون دینار لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بەو ئاوارانە بدرێت".

(جەمیلە محەممەد) ئەوەیشی خستە ڕوو، "جێگەی خۆیەتی سوپاسی هەردوو قایمقامییەتی قەزای بەردەڕەش و ئاكرێ بكەین كە رۆژانە ئاوارەكان بەسەر دەكەنەوە، هەروەها سوپاسی خەڵكی شارۆچكەی بەڕدەڕەش و ئاكرێ بكەین كە بە هەموو شێوەیەك ئەوانیش بەهانی ئاوارەكانەوە چوون، هەروەها دەستخۆشی لە رێكخراوەكانی خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی و رێكخراوی M.I.Oو ئەوانەی دیكەیش دەكەین كە لە سەرەتاوە تاكو ئێستا چەندان هاوكارییان گەیاندووەتە ئەو ئاوارانە و بەردەوامن".

ئەو هەروەها زیاتر گوتی، "داوا لە خەڵكی خێرخواز و رێكخراوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین هاوكارییەكان زیاتر بكەن بۆ ئەوەی ئاوارەكان لەو نەهامەتییە رزگار بكەین تاكو ناوچەكانیان ئازاد دەكرێن و دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار