ناوەران..هێرشێكی داعش تێك شكێندرا و بۆردوومانكردنی بەنداوی مووسڵیش بەردەوامە

ناوەران-KDP.INFO- بەرپرسی لقی نۆی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە میحوەری ناوەران ڕایگەیاند، هێرشێكی چەكدارانی داعشیان تێك شكاندووە و توانیویانە ژمارەیەكی زۆریان لێ بكوژن.
بەرپرسی لقی نۆی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە میحوەری ناوەران (سەربەست تروانشی) بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ دواینیوەڕۆ چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری ناوەران، بەڵام بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەوە و هێرشەكەیان تێكشاندن و داعش هەڵاتن.
(سەربەست تروانشی) گوتیشی، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ژمارەیەكی زۆر لە تیرۆریستان كوژران و لە ئێستادا پاشەكشەیان كردووە و هەڵاتوون.
لەلایەكی دیكەیشەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت) بە kdp.info-ی راگەیاند، فڕۆكە جەنگییەكان شەوی رابردوو تا ئەمڕۆ نیوەڕۆیش مەفرەقی بەنداوی مووسڵیان بۆردوومان كردووە و بەپێی زانیارییەكانیش سێ هەمەریان سوتاندووە.
بەڵام (حیکمەت) ڕەتی کردەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە، لەو هێرشە زەوینییەدا ئەمڕۆدا کە کراوەتە سەر بەنداوی مووسڵ، بەشدار بووبێت.
ئەگەرچی هەندێ سەرجاوەی هەواڵ و لە نێویاندا سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی هێزەکانی پێشمەرگەوە، وەهای بڵاو کردبووەوە کە، هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکات لەگەڵ بۆردوومانی فڕٶکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا، هێرشی بەرفروانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بەنداوی مووسڵ بەرپا کردووە، بەڵام (هەڵگورد حیکمەت) گوتی، هێزەکانی پێشمەرگە لەو هێرشەدا بەشداریی نەکردووە.
بڵند ئیبراهیم




