نزیكەی پێنجهەزار ئاوارە لە چیای شنگال ماون

شنگال-KDP.INFO- قایمقامی شارۆچكەی شنگال دەڵێت، تائێستا نزیكەی 250 هەزار ئاوارەی كوردی ئێزدی گەیشتوونەتە سنووری پارێزگای دهۆک. جەختیشی كردەوە كە، تەنیا نزیكەی پێنجهەزار كەس لە چیای شنگال ماون.
قایمقامی شارۆچكەی شنگال (مەیسەر حەجی ساڵح) بە kdp.info-ی راگەیاند، "لە ئێستادا زۆرینەی ئاوارەكانی چیای شنگال رزگار كراون كە تەنیا نزیكەی پێنجهەزار كەس ماون و ئێستایش سەرقاڵی هێنانەوەی ئەوانن بۆ سنووری پارێزگای دهۆك."
قایمقامی شارۆچكەی شنگال ئەوەیشی خستە ڕوو كە، نزیكەی دووهەزار كەس لە چیا ئامادە نین بێنە خوارەوە و لەوێ شەڕ دەكەن و دەمێننەوە، لە ئێستادا لە دهۆكیش هەندێك كەس دەگەڕێنەوە بۆ چیا و دەچن لەگەڵ ئەواندا دەبن، بۆ پارێزگاریكردن لەو ناوچەیە.
(مەیسەرحەجی ساڵح) راشیگەیاند، هەر دوێنێ لە گوندی كۆچۆ چەكدارانی داعش نزیكەی 120 پیاویان كردووەتە سێ گرووپ و گولـلەباران كراون و منداڵ و ژنەكانیشیان بۆ شوێنێكی نادیار بردوون.
ئەو بەرپرسە ڕوونیشی كردەوە، تا ئێستا نزیكەی 250 هەزار كوردی ئێزدی گەیشتوونەتە سنووری پارێزگای دهۆك.
بڵند ئیبراهیم




