چیک، کۆتایی ئۆگەست چەک دەنێرێتە کوردستان

هەولێر-KDP.INFO- کۆماری چیک ئەمڕۆ هەینی جەختی کردووەتەوە لەوەی کە، بریاری هەناردەکردنی چەکی بۆ هەرێمی کوردستان لەپێناو جەنگی دژ بە داعش یەکلا کردووەتەوە و کۆتایی ئۆگەستیش چەکەکان ڕادەستی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
وەزارەتی دەرەوەی چیک لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاندووە، "وەزارەتی دەرەوە وەهای دەبینێ کە کۆتایی مانگی ئۆگەست، کاتی واقیعیی ڕدەستکردنی چەکە بە هەرێمی کوردستان"، بەڵام ئاماژەی بە بڕ و جۆری ئەو چەکانە نەکردووە کە وەها بڕیارە بیاننێرێت.
چوارشەممەی ڕابردوویش، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە(لومبۆمیر زاورالیک) گوتی، پێویست بەوە ناکات هەناردەکردن لە ڕێی بارهەڵگری وێتسگەکانی دەوڵەتەوە بێ، چونکە کۆمپانیای تایبەتمەند هەن، پێداویستییەکان ڕادەست دەکەن.
ئەم هەواڵانە لە کاتێکدان کە سەرۆککۆماری چیک (میلۆش زیمان) لە میانەی دیمانەیەک لەگەڵ تەلەڤزیۆنی چیکدا راگەیاند کە، وڵاتەکەی کۆبوونەوەیەک ساز دەکات سەبارەت بە دواپێشهاتەکان و چەندین سەرکردەی وڵاتانیش بەشداری تێدا دەکەن، سەبارەت بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقایش گوتی کە پادشای مەغریب و سەرۆککۆماری میسر و سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) بۆ ئەم کۆبوونەوەیە داوەت دەکرێن.
ئاژانسەکان- زریان زیاد




