٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێزدییەکان، بە خوێنی خۆیان منداڵانیان لە مردن ڕزگار دەکرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  ئێزدییە ڕزگاربووەکانی کە پێشتر لە شاخی شنگال گیریان خواردبوو و بێ نان و ئاو لە دەست تیرۆریستانی داعش خۆیان حەشار دابوو، دەڵێن، هەندێک لە دایک و باوکان، بە خوێنی خۆیان منداڵەکانیان لە مردن ڕزگار دەکرد، ئەمە لە کاتێکدا کە دەیانی دیکە لە برسان و تینوێتیان دەمردن.

ڕۆژنامەنووس(بریا جۆشی) ڕاپۆرتێکی لە ماڵپەڕی ئینتەرناشیوناڵ بزنس تایمی بەریتانیاییدا بڵاو کردووەتەوە و تێیدا، ددانپێدانانی ترسناکی هەندێ لەو کوردە ئێزدییانە نووسیوەتەوە کە لە دەست کارە وەحشیگەراییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ڕزگاریان بووە و گەیشتوونەتە کەمپێک لە پارێزگای دهۆک.

ئەو ڕۆژنامەنووسە نووسیویەتی، هەندێکی دایک و باوکان کە لە ترسی داعش لەگەڵ خیزانەکانیان خۆیان لە شاخی شنگال حەشار داوە و لەو ماوەیەی بەر لە ڕزگاربوونیان لەوێ ەب برسێتی و تینوێتی ماونەتەوە، شوێنێکی جەستەی خۆین بریندار کردووە و خوێنی خۆیان داوە بە منداڵەکانیان تا تینوێتییانی پێ بشکێنن.

پیاوێکی ڕزگاربوو چیرۆکی گیانلەدەستدانی چوار منداڵ بە هۆی تینوێتییەوە، بە بەرچاوی خۆیەوە دەگێڕێتەوە و هەندێکی دیکەیش بێهیوایی ژمارەیەک لە دایک و باوک باس دەکات کە، بۆ شکاندنی تینوێتییان، دەستی خۆیان بریندار کردووە و خوێنی خۆیان داوە بە منداڵەکانیان.

دایکێکی دی، دەگێڕێتەوە کە، بە هۆی وشکبوونی شیری مەمکەکانی، تینوێتیی منداڵە دوو مانگەکەی بە شیری ئاسکێک شکاندووە. ئەمە سەرباری چیرۆکگەلێکی دیکەی ترسناک کە لە شایەتحاڵانەوە گوێزراونەتەوە و باس لە خۆکوشتنی ژمارەیەک ئافرەتی ئێزدی دەکەن کە، لە ترسی دەستدرێژی و فرۆشتنیان وەک کۆیلەی(...) لە لایەن چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 هاوکات دەگێڕنەوە کە، گەنجێک بەرلەوەی خۆی بکوژێت، چوار خوشکی خۆی کوشتوون و ئەو کارەی پێ باشتر بووە لەوەی بە دەست چەکدارە وەحەشتناکەکانی داعشەوە ئازار بکێشن.

ئەو ڕۆژنامەنووسە زیاتر دەڵێ، "ئاوارەکان هیچیان نییە، نە ئاو نە نان، ئەوان لە وشکانیدا ئازار دەکێشن، ئەوان لە بەر تیشکی خۆرن و جل و بەرگیان نییە و پێڵاوەکانیشیان دڕاون"، بەوەیش کۆتایی بە ڕاپۆرتەکەی هێناوە کە، "ئەوە یەکەم جارە لە مێژوودا ڕوو بدات کە 30هەزار کەس، لە ترسی کوشتن ڕوو لە شاخ بکەن.. لەسەر کۆی سەرکردەکان پێویستە کۆ ببنەوە و باشترین شێوە بۆ دەربازکردنی ئەو خەڵکە بدۆزنەوە، ناتوانین لە چاوەڕوانیی مردنی 30هەزار کەسدا بمێنینەوە."

 

تەمەر حوسێن- زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار