تا سبەی، تەواوی ئاوارەكانی شاخی شنگال دەگویزرێنەوە.. عەرەبی نزیک لە داعش بەرەو مووسڵ دەڕۆن

زووممار-KDP.INFO- هێزێكی زۆری پێشمەرگە، لە شاخی شنگالن و تا سبەی هەینییش گوازتنەوەی ئاوارەكان كۆتایی دێت. گوندە عەرەبنشینەكانی دۆستی چەكدارانی تیرۆریستیی داعشیش، لە دەڤەری زووممار گوندەكانی خۆیان چۆڵ دەكەن و بەرەو شاری مووسڵ دەرۆن.
قایمقامی پێشووی قەزای شنگال کە ئێستا لە ڕیزەکانی پێشمەرگەیە(دەخیل قاسم حەسوون) لە شاخی شنگالەوە بە kdp.infoی راگەیاند: "هێزەکانی پێشمەرگەی كوردستان و بەرپرسی لقی 17ی پارتی (سەعید شنگالی) گەیشتوونەتە شاخی شنگال و لە هەوڵی بەڕێكردنی تەواوی ئاوارەكانی چیایی شنگالدان كە هێشتا لەوێ گیریان خواردووە"، گوتیشی "ئەمرۆ تا بەیانی گوازتنەوەیان بەرەو كۆتایی دەچێت."
(دەخیل قاسم حەسوون) گوتیشی: "لە دوێنێوە تا ئەمرۆ، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بۆردوومانێكی قورسی، بنكەكانی چەكدارانی تیرۆریستیی داعشیان لەو دەڤەرە دەست پێ كردووە."
هاوکات بەرپرسی لیژنەی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری زووممار (حەسەن خەلۆ) بە kdp.infoراگەیاند: "لە دوێنێ ئێوارەوە هێزەکانی پێشمەرگەی كوردستان لە دەڤەری زووممار لە ئامادەباشیدان و گوندە عەرەبنشینەكانی دۆستی چەكدارانی تیرۆریستیی داعشیش لەو دەڤەرە، گوندەكانی خۆیان چۆڵ دەكەن و بەرەو شاری مووسڵ دەڕۆن."
فەرەیدوون ئیبراهیم-حەكیم حیكمەت




