پێشمەرگەلە لانەی تیرۆریستان نزیک بووەتەوە

خازر-تایبەت KDP.INFO- فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەڵێت، ئەمڕۆ ھێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش و توانیویانە چەند گوندێک لە تیرۆریستان پاک بکەنەوە و لە لانەی تیرۆریستان نزیک بوونەتەوە، بەڵام بۆ پێشڕەویی زیاتر چاوەڕوانی فەرمان دەکەن.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر(سەید ھەژار) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ ھێرشێکی توندیان کردە سەر چەکدارانی داعش لە میحوەری خازر و پێشڕەوییان کردووە و لە گوندی (حەسن شام) نزیک بوونەتەوە کە بە لانەی تیرۆریستان ناسراوە."
(سەید ھەژار) زیاتر گوتی: "لەئێستادا گەیشتووینەتە چیای زەردک و هێزەکانی پێشمەرگە چەند گوندێکیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام بۆ پێشڕەویی زیاتر چاوەڕوانی فەرمان دەکەن."
بە گوتەی ئەو فەرماندەیە، ئەگەر فەرمانیان پێ بکرێت، لە ماوەیەکی کەمدا دەتوانن چیای زەردک و گوندی (حەسەن شام) بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکەن و بەرەو مووسڵ پێشڕەوی بکەن.
سەبارەت بە زیانەکان ئەو گوتی، "خۆشبەختانە ئێمە ھیچ زیانێکمان پێ نەگیشتووە، بەڵام گورزێکی کوشندەمان لە تیرۆرستان داوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە."
بڵند ئیبراھیم




