٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پاپای ڤاتیکان دوو پەیامی هەبوون، سوپاسگوزاریی کورد و خۆڕاگریی مەسیحییەکان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-تایبەت KDP.INFO-  ئەمڕۆ نوێنەری پاپای ڤاتیکان سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و، بەرێوبەری ڕاگەیاندنی وەزاەرتی ئەوقافیش دەڵێت، مەبەست لە سەردانەکەی بۆ گەیاندنی دوو پەیام بوو، کە یەکێکیان پەیامی سوپاسگوزرای پاپای ڤاتیکان بوو بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ئەوی دیکەیش، بۆ مەسیحییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بوو، تا پێیان بڵێ، خۆڕاگر بن و ئەو ناوچەیە جێ نەھێڵن.

بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (مەریوان نەقشبەندی) بە kdp.infoی راگەیاند: "نوێنەری پاپای ڤاتیکان لەسەر داوای خودی پاپا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، ئەویش دوای ئەو بارودۆخەی بەسەر مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا ھاتووە."

(مەریوان نەقشبەندی) گوتیشی: "نوێنەری پاپای ڤاتیکان دوو پەیامی پێیە بۆ ھەرێمی کوردستان، یەکێکیان پەیامی سوپاسگوزاریی پاپای ڤاتیکانە بە ناوی ڤاتیکانەوە بۆ سەرۆکی ھەرێم و حکوومەت و خەڵکی کوردستان بۆ ئەو ھاوکاری و بەھاناوەچوونەی مەسیحیەکان لە دەشتی نەینەوا و عێراق بە گشتی. پەیامی دووەمیشی بۆ مەسیحییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بوو، کە ھەندێکیان  بیر لە جێھێشتنی عێراق دەکەنەوە و ویستی پێیان بڵێ، خۆڕاگر بن و ئەو ناوچەیە جێ نەھێڵن."

(نەقشبەندی) زیاتر گوتی: "نوێنەری پاپا باسی لەوەش کرد کە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان لەو ناوچەیە پێکەوە ژیاون و نابێت گرووپێکی تیرۆریست وا بکات باری دیموکراسیی ناوچەکە تێک بچێت."

بڵند ئیبرھیم

هەواڵی پەیوەندیدار