سەرۆك بارزانی: داعش لەسەر دەستی کورد تێک بشکێندرێت، دەبێتە سەروەرییەكی مەزن بۆ كوردستان

هەولێر-KDP.INFO- لە میانەی بەسەركردنەوەی بەرەكانی جەنگ و هەڵسەنگاندنی مەیدانیی دۆخ و گوزەرانی پێشمەرگە، (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئەو شەڕەی ئێستا پێشمەرگە دەیكات شەڕێكی تازە و شێوازەكانی جیاوازن لە شەڕەكانی دیكە، ئاماژەی دا، ئەو دوژمنەی پێشمەرگە شەڕی لەگەڵ دەكات دوژمنێكە كە هیچ ئاییندەی نییە و لە جیهاندا مەقبووڵ نییە و ئەگەر ئەو دوژمنە لەسەر دەستی گەلی كوردستان تێك بشكێندرێت ئەوە دەبێتە سەروەرییەكی مەزن بۆ كوردستان.
بە مەبەستی بەسەركردنەوەی بەرەكانی جەنگ و هەڵسەنگاندنی مەیدانیی دۆخ و گوزەرانی پێشمەرگە و لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ئامادەكاری و ئەو ڕێوشوێنە سەربازییانەی كە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگە بۆ بەرگریكردن و هێرشبردن لە دژی تیرۆریستان گیراونەتەبەر، ئەمڕۆ چوارشەممە (سەرۆک مەسعوود بارزانی) سەردانی هێڵەكانی پێشەوەی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستان لە میحوەری مەخموور و گوێڕ و خازر كرد.
لەم سەردانەدا (سەرۆك بارزانی) لە هەر سێ میحوەری مەخموور و گوێر و خازر لە نزیكەوە سەنگەرەكانی پێشمەرگەی بەسەر كردەوە و لەگەڵ پێشمەرگەكاندا دوا و لە چۆنییەتیی ئامادەكارییەكانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و هێرشكردن بۆ سەر تیرۆریستان ئاگادار كرایەوە و لەلایەن فەرمانە و بەرپرسە سەربازییەكانی ئەم میحوەرانە وردەكاریی پلانەكان و ئامادەیی پێشمەرگە لەڕووی ورە و چەك و ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن و تێشكاندنی دوژمن خرایە ڕوو و، (سەرۆك بارزانی)-یش فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی لە ڕێنوێنی و پلانە گشتییە سەربازییەكان و دۆخی سیاسی و سەربازیی و پشتگیریی وڵاتان و دۆستان ئاگادار كردەوە.
هەر لەم بەسەر كردنەوانەدا (سەرۆك بارزانی) لە هەر سێ میحوەری مەخموور و گوێڕ و خازر وتەی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و تێیدا دەستخۆشی و سوپاسی خۆڕاگریی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد و داوایشی لێ كردن كە ڕێگە بە هیچ جۆرە كەموكوڕییەك نەدەن و بە وریایی و چاوكراوەیی سەنگەرەكانیان و خاكی كوردستان بپارێزن بە جۆرێك كە دوژمن بیر لەوە نەكاتەوە كە بتوانێ خاكی كوردستان داگیر بكات. (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بە مێژووییبوونی ئەم قۆناغە و هەستیاریی ئەركی هێزەكانی پێشمەرگە كرد بە تایبەت كە هەموو دونیا ئێستا بە ڕێز و پێزانینەوە چاوی لە هێز و هیمەتی پێشمەرگەیە و پێشمەرگە بووەتە جێگەی ئومێدی هەموو جیهان چونكە شەڕی تیرۆر دەكات ئەو تیرۆرەی كە هەڕەشەیە لەسەر هەموو مرۆڤایەتیی و جیهان.
(سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئەو شەڕی ئێستا پێشمەرگە دەیكات شەڕێكی تازە و شێوازەكانی جیاوازن لە شەڕەكانی دیكە، ئاماژەی بەوەدا ئەو دوژمنەی پێشمەرگە شەڕی لەگەڵ دەكات دوژمنێكە كە هیچ ئاییندەی نییە و لە جیهاندا مەقبووڵ نییە و ئەگەر ئەو دوژمنە لەسەر دەستی گەلی كوردستان تێك بشكێندرێت ئەوە دەبێتە سەروەرییەكی مەزن بۆ كوردستان.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە هەر سێ میحوەری مەخموور و گوێڕ و خازر خستەڕوو كە لەوە دڵنیایین كە ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان كۆتایی دێت و كوردستان سەردەكەوێت و دەبێ هەموومان بیر لە سەركەوتنی گەلی كوردستان بكەینەوە و كار بۆ ئەم سەركەوتنە بكەین.




