٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارێک: بەپێی هاوکێشە سیاسییەکان، (عەبادی) داواکاریی کورد و سوننە جێبەجێ بکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-تایبەت KDP.INFO-  پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پێویستە کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق داواکارییەکانی کورد و سوننە جێبەجێ بکات، ئەگەرنا ناتوانێ ببێتە سەرۆکوەزیران. باوەڕێشی وایە، بەپێی هاوکێشە سیاسییەکان چاوەڕوان دەکرێ بێتە ژێر بار و بە داواکارییەکان ڕازی ببێت.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان(د.ئەردەلان نوورەددین) بە kdp.infoی راگەیاند: "لە دوێنێوە (حەیدەر عەبادی)-ی کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، دەستی بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ ھەندێک لایەن و پەیوەندی بە سەرکردایەتیی کوردیشەوە کردووە و بەردەوام دەبێت و ماوەی مانگی لە بەردەستدایە."

(د.ئەردەلان نوورەددین) گوتیشی: "چاوەڕوان دەکرێت داواکارییەکانی کورد و سوننە جێبەجێ بکات، چونکە ئەگەر وا نەکات ناتوانێ پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت و لە پەرلەمان دەنگی پێویست ناھێنێت، لەبەرئەوەی لە کاتی ھەڵبژاردنی وەکو جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لیستی دەوڵەتی قانوونیشی لەگەڵدابوو، نەیتوانی جاری یەکەم دەنگی پێویست بە دەست بھێنیت، بەڵام ئەمجارە ھەندێک ئەندامانی لیستی دەوڵەتی قانوونیشی لەگەڵدا نییە، بۆیە بە ھەر شێوەیەک بێت، بە داواکارییەکانی کورد و سوننە ڕازی دەبێت."

لیستی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی سەرەڕای سووربوونی (نووری مالیکی) بۆ سێبارە خۆکاندیدکردنەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران (حەیدەر عەبادی)-ی سەرکردە لە لیستی دەوڵەتی قانوونی وەکو تاکە کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری کرد و لەلایەن سەرۆککۆمار ڕاسپێردرا بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ و پێویستە لە ماوەی یەک مانگدا کابینەی نوێ پێشکەشی پەرلەمان بکات.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار