مووسڵ.. هەندێكی عەرەبەكان ماڵی كوردەكان تاڵان دەكەن

مووسڵ-تایبەت بە kdp.info-بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەو عەرەبانەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ماون، لە ئێستادا دەستیان بە تاڵانكردنی ماڵی كوردەكانی ئەو ناوچانە كردووە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عیسمەت رەجەب) بە kdp.info-ی راگەیاند، دوای ئەوەی چەند ناوچەیەكی كوردیی سەر بە پارێزگای مووسڵ كەوتنە دەست چەكدارانی داعش و كوردەكانیش ئاوارە بوون، لە ئێستادا ئەو عەرەبانەی لەو ناوچانەدا نیشتەجێن، دەستیان بە تاڵانكردنی ماڵی كوردەكان كردووە.
(عیسمەت رەجەب) ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا وەكو لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ هەموویان خۆیان تەرخان كردووە بۆ سەنگەرەكانی شەڕ و شانبەشان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، لە تەواوی میحوەرەكاندا هێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواودایە و تەنیا چاوەڕوارنی فەرمان دەكات بۆ هێرشكردن.
بڵند ئیبراهیم




