محەممەد ئیحسان: (سەرۆك بارزانی) لە سێ ڕۆژدا هاوپەیمانەتیێكی نێودەوڵەتیی دروست كرد

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوە (د. محەممەد ئیحسان) لە دیدارێكی KDP.info-دا دەڵێت، "لە سیاسەتدا تۆ دەتوانی پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ هەموو دنیادا بكەیت، بەڵام لە كاتی تەنگانەدا بۆت بەدیار دەكەوێت و تاقی دەكرێتەوە كە ئایا دۆستین یان دۆست نین، یاخود تەجرووبەیەكی سەركەوتوومان هەیە یان ئەزموونێكی سەركەوتوومان نییە، بۆیە لێرەوە بۆمان دەركەوت كە ئێمە دۆستی زۆر باشمان هەیە، كە بە راستی خەڵكێك لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە جیددی لەگەڵ كوردستانە و ئاگاداری كێشەكەكانمانن، هەروەها قەبارەی كوردستانیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیارە. گوتیشی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی سێ ڕۆژدا هاوپەیمانەتیێكی نێودەوڵەتیی پێك هێنا.
* ئایا لەم شەڕەی ئێستای داعشدا كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ كوردستاندا بوو و زۆربەی وڵاتان لە ڕووی سیاسی و سەربازی و مرۆییەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كرد، دەكرێ بڵێین كوردستان چووە قۆناخێكی دیكەوە؟
- ئێستا كوردستان لە قۆناخێكی زۆر هەستیاردایە و لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی تازەدایە لەگەڵ دوژمنێكی نەناسراو و نوێ كە تازە لە هاوكێشەی ناكۆكییەكانی ناوچەكەدا پەیدا بووە، بۆیە كوردستان لەم كاتەدا گەیشتە قۆناخێك كە پێویستی بە هاوكاریی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەیە جگە لە هێزی پێشمەرگە و دڵسۆزانی كوردستان، چونكە ئەم شەڕە تەنیا شەڕی پێشمەرگە نییە لەگەڵ داعشدا، ئەمە شەڕی هەموو جیهانە لەگەڵ دەوڵەتێكی پڕچەكی تیرۆریستدا نەك گرووپێكی ئیرهابی ئیرهابی، چونكە داعش لە یەك كاتدا شەڕی چەند دەوڵەتێك دەكات، بێجگە لە بەرگریی خەڵكی كوردستان بە راستی هاوكاریی نێودەوڵەتی لەم قۆناخەدا هاوكاریێكی زۆر زۆر گرنگ بوو بۆ كوردستان لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵكی كوردستاندا دژ بە تیرۆریستان، لە هەمان كاتدا پشگیریی نێودەوڵەتی زۆر گرنگ بوو بۆ كوردستان، كە ئەمەیش لەدوای ساڵی 1991 تاقیكردنەوەیەكی زۆر پڕبایەخ بوو كە ئایا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێمەدا بوو یان نا، لە سیاسەتدا تۆ دەتوانی پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ هەموو دنیادا بكەیت، بەڵام لە كاتی تەنگانەدا بۆت بەدیار دەكەوێت و تاقی دەكرێتەوە كە ئایا دۆستین یان دۆست نین، یاخود تەجرووبەیەكی سەركەوتوومان هەیە یان ئەزموونێكی سەركەوتوومان نییە، بۆیە لێرەوە بۆمان دەركەوت كە ئێمە دۆستی زۆر باشمان هەیە، كە بە راستی خەڵكێك لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە جیددی لەگەڵ كوردستانە و ئاگاداری كێشەكەكانمانن، هەروەها قەبارەی كوردستانیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیارە.
* بەرامبە ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوون، ئایا توانرا هەنگاوی گرنگ و دیپلۆماسی لە ئاستی ناوچەكە و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییش بنرێن؟
- بەڵێ، ئەمڕۆ قەبارەی هەرێمی كوردستان لە ناوچكەكە و جیهانیشدا جێی بایەخە و نەك تەنیا بەشێكە لە عێراق، بەڵكو ئەزموونێكی سەركەوتووی هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا كە ئەوەیش وای كردووە سەرۆكی ئەمەریكا (باراك ئۆباما) بڵێت، ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، مایەی شانازییە و فەخر بە تەجرووبە سەركەوتووەكەیان دەكەین. ئەمە سەركەوتنە بۆ گەلی كورد، جگە لەمە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سێ ڕۆژدا توانی هاوپەیمانەتیێكی نێودەوڵەتی دروست بكات كە ئەمە گەورەترین سەركەوتنی دیپلۆماسیی جەنابی سەرۆكە بە پشگیریی حزبەكانی دیكەی كوردستان، هەروەها ئەوە سەركەوتنێكی گەورەیە كە بتوانی بە ماوەیەكی كەم هاوپەیمانەتیێك دروست بكەیت و خەڵكێك بێت لەگەڵ تۆ شەڕ دژی چەكدارانی تیرۆریستی داعش بكات، بێجگە لەوەش داعش تەنیا لەسەر هەرێمی كوردستان مەترسی نییە، بەڵكە مەترسییە بۆ سەر ئەمن و ئاساییشی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و هەرێمی كوردستانیش.
*ئەو هەوڵانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو ماوەیەدا كوردستانی گەیاندە چ قۆناخێك؟
- كوردستانی گەیاندە ئەو ئاستەی كە یاریكەرێكی سەرەكییە لە یاریی سیاسیی نێودەوڵەتیدا و هاوسەنگیی هێزە لە ناوچەكەیشدا، ئەو مامەڵەیەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، مامەڵەیەكی دەوڵەتییە و ئەمری واقیعە كە هەرێمی كوردستان ئیتر دوو پارێزگا و سێ پارێزگای بچوك نییە، هەرێمی كوردستان ئێستا خاوەن پێگەی ستراتیژی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییشدا جێی گرینگیپێدانە و حسابی شتێكی بچووكی بۆ ناكرێت، هەروەها بەرژەوەندیی نێودەوڵەتییش لە هەرێمی كوردستاندا لە ئاستی دەوڵەتدایە.
*ئەو وڵاتانەی پشگیریی هەرێمی كوردستانیان كرد بە تایبەتیش ئەمەریكا و ئینگلتەرا و فەڕەنسا، بۆچی هاوكار بوون، ئایا بۆ قۆناخێكی دیكەیش پاڵپشتیی كوردستان دەكەن؟
-ئەو وڵاتانە هەموویان بە تایبەت ئینگلتەرا و فەڕەنسا لەگەڵ ئەمەریكا هاوكاریی هەمەجۆریان پێشكەش كرد، هاوكارییەكان سەربازییش بوون، ئەڵمانیا لە ڕووە مرۆڤایەتییەكەوە هاوكاریی كرد، لە هەمان كاتدا پشگیریی سیاسی و سەربازی بۆ ئەوەیە ئەم ئەزموونە لە كوردستاندا سەركەوتن بە دەست بهێنێت و بێتە پاراستن و بگاتە قۆناخێكی تر، ئەمە چانسێكی دیكەیە بۆ عێراقییەكان ئەگەر بارودۆخەكەتان چاك كرد و بە شێوەیەك خۆتان ڕێك خستەوە كە كورد لێی ڕازی بێت، ئەوا زۆر باشە، ئەگەر نا ئێمە پاڵپشتیی كوردستان دەكەین بۆ قۆناخێكی دیكە.
* ئێستا عێراق لە سەروبەندی دروستكردنی حكوومەتی نوێدایە و گرفەتەكانیش زۆرن، تیڕوانینی ئێوە لەو بارەیەوە چۆنە؟
- (مالیكی) كۆمەڵێك گرفت دروست دەكات، سەرەتا بۆ شیعەكانە دواتر بۆ لایەنەكانی دیكە، چونكە ئەم پیاوە تووشی نەخۆشی عاشقبوونی كورسی بووە، دواتر ئەم دۆخە دەكەوێتەوە سەر سەرۆكوەزیرانی تازە، ئێمەیش لەگەڵیان دەڕۆین تا ئەو كاتەی كە بزانین دەتوانن عێراقێكی دیموكرات و فرەیی و دەستووری بەڕێوە ببەن، ئەگەر توانییان ئەوا زۆر باشە، خۆ ئەگەر واش نەبێت، ئەوا ئێمە سەركەوتووتر دەبین لە دیاریكردنی داهاتووی خۆمان و پێداگیری لە مافەكانمان دەكەین.
* گەشبینی بەوەی گرفتەكانی رابردووی نێوان هەولێر و بەغدا دووبارە نەبنەوە؟
- ئەمەیش دەكەوێتەوە سەر هاوپەیمانەكانی كورد، ئێستا یارییەكە دەستی پێ كردووە و كارتەكان ئاشكرا بوون، كورد چۆن دەتوانێت گفتوگۆ بكات، چۆن دەتوانێت ئیدارەی گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا بكات، چونكە بە راستی نابێت گرفتەكانی ڕابردوو دووبارە ببنەوە.
* پێشتر بەغدا هەموو شتێكی كردووە بۆ ئەوەی ماددەی 140 جێبەجێ نەكرێت، ئایا ئێستا قۆناخێكی گرنگە بۆ ئەوەی كورد بچێتە لوتكەی چارەكردنی گرفتەكانی بە تایبەت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم؟
- ئێستا عێراق چووەتە قۆناخێكی تری پێكهێنانی حكوومەت، ئێمە پێویستە لەم قۆناخەدا هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوە بێت كێشەكانمان دووبارە نەبنەوە، دەبێت لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بكەین بۆ ئەوەی خۆمان بۆ ڕاپرسی ئامادە بكەین و ئەم گرفتە لەگەڵ تەشكیلی حكوومەتی نوێی عێراقدا چارە بكرێت، چونكە ئەم گرفتە دایكی هەموو گرفتەكانی دیكەیە، ئەگەر ئەم كێشەیەمان چارە كرد، دەتوانین چارەسەری هەموو كێشەكانی تر بكەین، چونكە كاتێك سنووری كوردستان دیار بوو ئەو كاتە داعش ناتوانێت سنووری خۆی تێپەڕێنێت و دەبێ ئەمنییەتی ئەو ناوچانە دووبارە بگەڕێتەوە و دەرفەت نەدرێت دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە تێك بچێت، ئەگەر ئەمە كرا زۆر شت هەیە یەكلا دەبێتەوە و ئەمە قۆناخێكی گرنگە بۆ ئەوەی كورد بچێتە لوتكەی چارەكردنی گرفتەكان و چۆن گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەین بە بێ لایەنگریی حزبی و بیركردنەوەی لایەنێك، واتە وەك كورد ئەم جارە گفتوگۆكان یەكلا بكرێنەوە، چونكە پێشووتر بەغدا هەموو شتێكی دەكرد بۆ ئەوەی ماددەی 140 جێبەجێ نەبێت، بەڵام دەبێت لەمەودوا بە جیددی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو گرفتانە لەگەڵ هەرێمدا گفتوگۆ بكات.
دیمانە: بەڕێوەبەری نووسین




