٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمەریکا جارێکی تر پشتگیریی حکوومەتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا(جۆو بایدن)، جارێکی تر پشتگیریی حکوومەتی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، هەتا ئەوکاتەی بە هاوکاریی هەموولایەک هێزی تیرۆریستان تێک دەشکێندرێن. هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە توانیویانە سەرکەوتنی بەرچاو بە دەست بهێنن.

لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) سوپاسی خۆی بۆ (سەرۆک ئۆباما و بەڕێز بایدن) و گەلی ئەمەریکا دەربڕی بۆ ئەو پشتگیرییەی کە پێشکەشی گەلی کوردستانیان کردووە و بەڵێنی دا هەرێمی کوردستان لەم شەڕەی کە تووشی بووە بەرگریی لە خاک و خەڵک و هەموو بەهاکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ئازادی دەکات.

(سەرۆک بارزانی) ئەوەشی بۆ جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا خستەڕوو کە پشتگیری و هاوکاریی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هیممەت و هێزی زیاتری دایە گەلی کوردستان.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕەوشی ئەمنی و سەربازیی بەغدا خرایە بەرباس و هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو پرۆسە دەستوورییە دووپات کردەوە کە لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەست پێ کراوە.

جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هیوای خواست هاوپەیمانیی کوردستان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تری عێراق دەست بکەن بە گفتوگۆ بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی گشتگیر و هاوبەشیی ڕاستەقینە کە هەموو لایەنەکان تیایدا بەشدار بن و عێراق لەم قەیرانەی ئێستا دەرباز بکرێت.

لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی)جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان یارمەتیی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەدات بۆ ئەوەی حکوومەتێکی شەراکەتی نیشتیمانی پێک بهێندرێت کە دوور بێت لە ئەزموونە شکستخواردووەکەی پێشوو.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار