بەڵێن عەبدوڵڵا: لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەكەدایە پێشمەرگە پڕچەك بكرێت

هەولێر-KDP.info- سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێت، ئەمەریكا بڕیاری داوە هێزی پێشمەرگە پڕچەك بكات، چونكە مانەوەی كوردستان بەم شێوە لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەكەدایە. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە چەند ڕەهەندێكی گرنگ هەبوون بۆ پشگیریی ڕاستەوخۆی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان.
سكرتێری حزبی زەحمەكێشانی كوردستان (بەڵێن عەبدوڵڵا) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی، "هەڵوێستی وڵاتانی جیهان بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان جێگەی ڕێز و پێزانینە، لە كاتێكدا ئێمە ڕووبەڕووی هەڕەشەی گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆرستی لە جیهان دەبینەوە، بە پێشكەوتووترین و بەهێزترین چەك، هێرشمان دەكەنە سەر".
لەبارەی پشگیریی وڵاتان بۆ هەرێمی كوردستان، (بەڵێن) دەڵێت، "كۆمەڵێك هۆكار هەیە كە وڵاتانی جیهان پشگیریمان لێ دەكەن، لە پێش هەموویانەوە ئەوەیە، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان شوێنێكی ئارام و پێشكەوتوو بووە لە نموونەی وڵاتانی دراوسێ و ئەمەیش تەكانێك بوو بۆ بەرزكردنەوەی دیموكراسی لە ناوچەكەدا. دووەم: بە شایەتیی هەموو دنیا ئێستا زیاد لە ملیۆنێك خەڵك لە وڵاتانی دەوروپشت ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون كە هەرێم شوێنی حەوانەوەی ئەوانە. سێیەم: كوردستان لە ڕووی ئابورییەوە ئێستا پێگەیەكی بەهێزی لە جیهاندا هەیە و شوێنپێی خۆی لەسەر ئاستی سیستەمی ئابووری كردووەتەوە، وڵاتانی دنیایش بەرژەوەندیی گەورەیان لە كوردستان هەیە. چوارەم: كوردستان سیاسەتێكی حەكیمانەی هەبووە بەرانبەر بە دۆخی ناوچەكە و عێراق و تێكڕای ئەو بابەتانەیش كاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبووە بۆ ئەوەی پشگیریی هەرێمی كوردستان بكرێت".
گوتیشی، "دەبێت چاو بە سیستەمی بەرگری و ڕاهێنانی پێشمەرگەدا بخشێندرێتەوە، چونكە كە داعش مووسڵی داگیر كرد، چەكێكی زۆری بەردەست كەوت و بەم چەكانەیش هێرشی كردە سەر هەرێم، ئێمەیش 1000 كلیۆمەتر سنوورمان لەگەڵیاندا هەیە، بۆیە پێشمەرگە پێویستی بە چەكی پێشكەوتوو هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان و ئومێد دەكەین دوای ئەو دۆخە پێشمەرگە باشتر ڕێك بخرێتەوە".
سكرتێری حزبی زەحمەكێشانی كوردستان، هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە ئەمەریكا ڕایگەیاندووە، پێشمەرگە كێشەی ڕووبەڕووبوونەوەی نییە، بەڵكە گرفتی لە پڕچەككردندا هەیە و دەبێت پڕچەك بكرێت، كە پێشبینی دەكرێت وڵاتانی دیكەیش بێنە سەر ئەو باوەڕە و چەك بدرێتە هێزی پێشمەرگە.
کارزان هەورامی




