بەدواداچوون بۆ كەموكوڕی و پێداویستییەكان كرا.. لیژنەكانی پەرلەمان سەردانی میحوەری خارز و باشیكیان كرد

خازر-تایبەت بە Kdp.info-ئەمڕۆ هەریەك لە لیژنەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاساییش و تەندروستیی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی میحوەرەكانی پێشمەرگەیان لە خارز و باشیك كرد.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (نازم كەبیر هەركی) بە Kdp.info-ی ڕاگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەریەك لە لیژنەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاساییش و تەندروستیی پەرلەمانی كردستان، سەردانی میحوەرەكانی پێشمەرگەیان لە خازر و باشیك كرد و لە نزیكەوە بەدواداچوون لە رووی چەك و تەقەمەنی، خزمەتگوزاریی تەندروستی و پێداویستییەكانی تری پێشمەرگە كرا.
(نازم هەركی) گوتیشی، "پاش گەڕانەوەمان ڕاپۆرتیك ئامادە دەكەین و دەیدەین بەلایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی هەر كەموكوڕییەك لە رووی پێداویستییەكانەوە هەبێت، بە زووترین كات بۆ برا پێشمەرگەكانمان دابین بكرێت كە ئێستا لە بەرەكانی جەنگ لەگەڵ تیرۆرستانی داعشدا لە شەڕدان".
ئاماژەیشی دا كە، "جێگەی خۆشحاڵییە كە پێشمەرگەكانمان بە ورەیەكی بەرزەوە بینی و ئامادەییەكی تەواویان بۆ وەڵامدانەوە و تێكشكاندنی تیرۆرستان لەو ناوچانەدا هەیە".
نەشوان بەرزنجی




