ئەڵمانیا، ئامادەیی بۆ شەڕی دژی تیرۆر لە تەك گەلی كوردستان ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.INFO- لە پیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە (سەرۆک بارزانی)، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە لە شەڕی دژی تیرۆردا لە تەك گەلی كوردستان بوەستێت و ئەوەیشی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە حكوومەتی ئەڵمانیا دیراسەی چۆنییەتی هاوكاریكردنی حكوومەت و خەڵكی كوردستان دەكات.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە11ـی 8ـی 2014 لە ڕێی تەلەفۆنەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا(فرانك واڵتێر شتانمایێر) پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)-یەوە كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی)-ی و هێزی پێشمەرگە و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان لە دژی تیرۆریستان و یارمەتیدانی ئاوارەكان و پاراستنی خەڵكی سڤیل و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق و كوردستان.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە لە شەڕی دژی تیرۆردا لە تەك گەلی كوردستان بوەستێت و ئەوەیشی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە حكوومەتی ئەڵمانیا دیراسەی چۆنییەتی هاوكاریكردنی حكوومەت و خەڵكی كوردستان دەكات.
لەبەرانبەردا(سەرۆك بارزانی) سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای كرد و ڕایگەیاند كە، "خۆشحاڵین بەوەی لە كاتی تەنگانەدا دۆستەكانمان پشتیوانی و هاوكاریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان دووپات دەكەنەوە."
هەروەها (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەموو ئەو لایەن و وڵاتانەی كرد كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یارمەتیی كوردستان دەدەن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان تەنیا شەڕی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناكات، بەڵكو شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكات.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوت كە "گەلی كوردستان سەربەرزانە بەرگری لەخۆی و ئاییندەی خۆی دەكات و لە سەركەوتنی خۆمان دڵنیاین و لەشەڕی تیرۆر و بەرگریكردن لە خۆی بەردەوام دەبێت."
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند كە بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپایی و هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن.




