ئەمەریکا چەک بۆ کورد دەنێرێ و فەڕەنسایش داوا لە ئەورووپا دەکات هاوکارییان، بابەتێکی ئەخلاقییە

هەولێر- KDP.INFO- وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە، وڵاتە یەکگرتووەکان بەپەلە دەستی کردووە بە ڕادەستکردنی چەک و پێداویستیی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە کە دژ بە جیهادییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەجەنگن. وەزیری درەوەی فەڕەنسایش داوا لە یەکیەتی ئەورووپا دەکات کە، "مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە ستەملێکراوەکان پێویستییەکی ئەخلاقییە و هەر ئەوەیش لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەورووپا و بەرگرییە لە ئازادییەکان."
گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، "لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەمەهانگی دەکەین بۆ ناردنی چەک بۆ کورد کە زۆر پێویستیان پێی هەیە. عێراقییەکان بە چەک و تەقەمەنییەکانیان هاوکارییان دەکەن و ئێمەیش هەمان ئەو کارە دەکەین، بە چەکی خۆمان هاوکارییان دەکەین."
ئەەم لە کاتێکدایە کە فەڕەنسا داوای لە یەکیەتیی ئەورووپا کردووە کە، ئەوەی لەدەستیان دێ بۆ بەدەمەوەچوونی داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بیکەن.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا(لۆرانت فێیبیس)، پاش سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)-دا، پەیامێکی ڕادەستی هاوتاکەی (کاترین ئاشتوون) کرد و تێیدا دەڵێ، "(بارزانی) جەختی کردووەتەوە لە پێویستیی دابینکردنی چەک و پێداویستیی سەربازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعشی تیرۆریست."
لە پەیامەکدا زیاتر هاتووە، "پێویستە لەمڕۆدا یەکیەتیی ئەورووپا تواناکانی کۆ بکاتەوە بۆ بەدەنگەوەچوونی داواکاریی ئەو هاوکارییە"، (فێیبیس) هیوایشی خواست وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا کۆبوونەوەی تایبەت بەم پرسە ساز بدەن.
هاوکات ئیتالیایش دوای کرد، یەکیەتیی ئەورووپا پێوەست بەم پرسە کۆ ببێتەوە، سەرچاوەیەکی ئەورووپاییش ڕایگەیاندووە کە، داوا لە باڵیۆزانی یەکیەتییەکە کراوە، سێشەممە لە بڕۆکسل، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی پێشووەچوونەکانی داعش ساز بدرێت.
(لۆرانت فێیبیس) لە پەیامەکەیدا بۆ یەکیەتیی ئەورووپا هەروەها نووسیویەتی، "لە بەرانبەر ئەو کارەساتەی ڕوو دەدات، ناشێت یەکیەتیی ئەورووپا هەر وا بێدەنگ بێ.. مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە ستەملێکراوەکان پێویستییەکی ئەخلاقییە و هەر ئەوەیش لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەورووپا و بەرگرییە لە ئازادییەکان."
زیاتر گوتی، "(سەرۆک بارزانی) داوای لە من کرد، پردێکی ئاسمانی بۆ هاوکاریی مرۆیی لە ئەورووپاوە بۆ هەرێمی کوردستان بەپەلە ڕێک بخرێ."
لە ئەلعەرەبییەوە
سەرکەوت حەسەن




