لە كۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییەکەدا، یەکڕیزیی نیشتیمانی، دوورکەوتنەوە لە نەفەسی حیزبی جەختی لێ کرایەوە

هەولێر-KDP.INFO- لە كۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییەکەدا بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان كرا، كە لەم كاتە هەستیارەدا بە یەكهەڵوێستی، یەكڕیزیی نیشتیمانی بپارێزن و جەختیشیان لەوە كردەوە كە هەموو هێزە بەشداربووەکانی بەرەكانی جەنگ پێویستە دوور بن لە نەفەسی حزبی و داوایشیان لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستان كرد كە بە چاوكراوەیی و هەستكردنی زیاتر بە بەرپرسیارەتی، مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان بكەن و ڕەچاوی بەرژەوەندی و ئاساییشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان بكەن.
لەپێناو ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا و قسەكردن لەسەر گرتنەبەری هەڵوێستی پتەو و یەكڕیزیی نیشتمانی لەبەرانبەر هەڕەشەكاندا، ئەمڕۆ دووشەممە لە سەڵاحەددین بە سەرپەرشتیی (مەسعوود بارزانی) سەركردە باڵاكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كۆ بوونەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا ڕووداوەكانی ئەم دواییە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر خاك و خەڵكی كوردستان خرایە بەر باس و بە وردی بارودۆخی مەیدانیی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و كاردانەوە سیاسییەكانی هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان هەڵسەنگاندنی بۆ كرا و، كۆبوونەوەكە جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی هەموو جۆرە كەموكوڕییەك لە بەرەكانی جەنگ و هەروەها دیاریكردنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی هەرچی زیاتری ئاساییشی هەرێمی كوردستان كردەوە.
لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دووپات كردەوە و سوپاسی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییان كرد لە خۆڕاگرییان و هەستكردنیان بە بەرپرسیارەتی بۆ پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و یارمەتیدانی ئاوارەكان و هەروەها سوپاسی پشتیوانی و بەدەنگەوەهاتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانیان كرد و داوایشیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە لە پاراستنی ئاوارەكان و حەواندنەوەیاندا یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن هەتا ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
بەشداربووانی كۆبوونەوەی پێنج لایەنی سیاسی لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) داوایان لە هەموو هێزە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان كرد كە لەم كاتە هەستیارەدا بە یەكهەڵوێستی، یەكڕیزیی نیشتیمانی بپارێزن و جەختیشیان لەوە كردەوە كە هەموو هێزە بەشداربووەکانی بەرەكانی جەنگ پێویستە دوور بن لە نەفەسی حزبی و داوایشیان لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستان كرد كە بە چاوكراوەیی و هەستكردنی زیاتر بە بەرپرسیارەتی، مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان بكەن و ڕەچاوی بەرژەوەندی و ئاساییشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان بكەن.
پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش تەوەرێكی ئەم كۆبوونەوە بوو و تێیدا بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ئیدانەی هەموو جۆرە هەوڵێكیان لە بەغدا كرد كە بۆنی تێكدانی پڕەنسیپی تەوافوق و كودەتای سەربازی لێ بێت و پاڵپشتیی تەواوی خۆیشیان بۆ (د. فواد مەعسووم) سەرۆككۆماری عێراق و پڕۆسەی دیموكراتی و دەستووریی عێراق ڕاگەیاند و هیواشیان خواست، بە زووترین كات كۆتایی بە قەیرانی سیاسی بێت. سەبارەت بە پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەت كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند كە ڕێز لە هەر بڕیارێك دەگرن كە لە لایەن هاوپەیمانێتیی نیشتیمانییەوە بگیرێتە بەر.
لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی ئەم كۆبوونەوەیە بڕیاریان دا كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەكان و چارەكردنی گرفتەكان میكانیزمی گونجاو بگیرێتە بەر و ڕاگۆڕینەوە و كۆبوونەوەكانیشیان بەردەوام بێت.




