پەرلەمان داوا دەکات ڕێ لە تەشەنەسەندنی گیانی حزبایەتی ناو سەرجەم هێزە چەکدارەکان بگیرێت
هەولێر-KDP.INFO- سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکیدا دەڵی، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی حزبی و سیاسییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەکەن و خەریکە شکست و سەرکەوتنەکان بە ئاقاری ململانێی تەسکی حزبیدا دەبەن، ئەمەش مەترسی لە سەر یەکڕیزی و ئاساییشی نیشتیمانی دروست کردووە.
لەو بەیانننامەیەدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان هاوکات داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە، هەرچی زووە رێگە لە تەشەنەسەندنی گیانی حزبایەتی لە ناو سەرجەم هێزە چەکدارەکان بگرن و، کار بکرێت بۆ ئەوەی بە گیانی بەرپرسیاریی نیشتیمانی رووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببینەوە کە هەڕەشە لە ئەزموونی کوردستان دەکات.
دەقی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
هەموو لایەک ئەو ڕاستییە باش دەزانن ئەو هەڕەشەیەی ئێستا لە سەر هەرێمی کوردستانە بە تەنها رووی لە پێکهاتەیەکی دیاری کراو یان لایەنێکی سیاسی و ئایین و ئایینزایەکی کوردستان نییە، هەر لەبەر ئەوەشە لە ماوەی رابردودا گەلەکەمان بەبێ جیاوازی رووبەڕوی ئەم مەترسیە بوویەوە.
ئەوەی لە ئیستادا بە دی دەکرێت بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی حزبی و سیاسییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەکەن و خەریکە شکست و سەرکەوتنەکان بە ئاقاری ململانێی تەسکی حزبیدا دەبەن، ئەمەش مەترسی لە سەر یەکڕیزی و ئاساییشی نیشتیمانی دروست کردووە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانسەرەڕای جەختکردنەوە لە سەر بڕیارەکانی پەرلەمان لەم بارەیەوە و، لە پێناوی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، وێرای ئیدانەکردنی توندی ئەو دیاردەیە، داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە هەرچی زووە رێگە لە تەشەنەسەندنی گیانی حزبایەتی لە ناو سەرجەم هێزە چەکدارەکان بگرن و، کار بکرێت بۆ ئەوەی بە گیانی بەرپرسیاریی نیشتیمانی رووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببینەوە کە هەڕەشە لە ئەزموونی کوردستان دەکات.
هەروەها روو لە لایەنە سیاسییەکان دەڵێین ململانێ حزبییەکانتان وەلا بنێن، چونکە ململانێکانتان هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە؛ بە وردی پابەند بن بەو رێنمایانەی کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ رێکخستنی کاروباری سەربازی دەرکراون. داواکاریشین وەزارەتی رۆشنبیری بە هاوبەشی لە گەڵ میدیاکاران سیاسەت و ستراتیژێکی روون و بەرپرسیارانە دابنێن بۆ رێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی زانیاریی ورد و راستەقینە بگات بە خەڵک و گیانی نیشتیمانی و هاووڵاتیبوون لە ناو کۆمەڵگاکەمان پتەو بکرێت.
لە ئێستادا پێویستە هەمومان بە گیانێکی بەرزی نیشتیمانی و بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتییەوە پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە بکەین بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە هەستیارە بە سەرکەوتویی..
خوای گەورە پشتیوانمان بێت و هەرێمی کوردستان بپارێزێت..
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
11/8/2014




