٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داعش لە قۆڵی داقوقەوە هێرش دەكات.. پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-فەرماندەیەكی پێشمەرگە باس لە شەڕی داقوق دەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر فەرمانیان پێ بكرێت، هێرش دەكەنە سەر داعش. دەشڵێت كە، پێشمەرگە لە ئامادەباشییەكی تەواودایە.

جێگری لیوای 9-ی پیادە عەمید (فایەق ساڵح) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی، "ماوەی دوو ڕۆژە چەكدارانی داعش هێرشیان بۆ سەر پێشمەرگە لە ناوچەی داقوق دەست پێ كردووە، هێرشەكانیش سەرەتا لە چەند گوندێكەوە بوون و پاشان بە شێوەی بەردەوام دەستیان پێ كردەوە، بەڵام دواتر فڕۆكە هێرشی كردنە سەر و بۆردوومانی كردن".

گوتیشی، "بەپێی زانیارییەكانمان داعش و گرووپی نەقشبەندی لە گوندی (ئەبو محەممەد) لە نێوان خۆیاندا شەڕیان كردووە". 

عەمید (فایەق) هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە، تا ئێستا فەرمانیان پێ نەكراوە هێرش بكەنە سەر داعش، بۆیە چاوەڕێی سەركردایەتیی سیاسی دەكەن تا بڕیار لە هەرجوڵەیەكی سەربازی بدەن.

 جێگری لیوای 9-ی پیادە ئاماژەیشی دا، "تێكشكانی داعش لە مووسڵ ورەی ئەو چەكدارانەی زۆر دابەزاندووە و شپرزەییان پێوە دیارە، لە بەرانبەردا ورەی پێشمەرگە بەرزە، لە ئامادەباشیی تەواودایە و دەتوانین لە ماوەیەكی كەمدا داعش ڕاو بنێین، بەڵام چاوەڕوانی فەرمان دەكەین".

 

هەواڵی پەیوەندیدار