هاوپەیمانیی کوردستانی هۆشداریی دەداتە(مالیکی): ڕەوتارەکانت بۆنی کودەتای لێ دێ

هەولێر-KDP.INFO- هاوپەیمانیی کوردستانی لە بەیانامەیەکیدا ڕایدەگەیەنێت، لە کاتێکدا کە وڵات بە کاتێکی قورس و هەستیاردا تێپەڕ دەبێ، سەرۆککۆماری عێراق، کار لەسەر پاراستن و بەرجەستەکردنی دەستوور و یەکگرتووەیی وڵات دەکات، بەڵام سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری حکوومەتی فیدراڵ(نووری مالیکی)، بەیاننامەیەک دەردەکات و سەرۆککۆمار(فواد مەعسووم) بە پێشێلکردنی دەستوور تۆمەتبار دەکات، زانراویشە کە ئەوەی چەندین ساڵە دەستوور پێشێل دەکات (مالیکی)-یە و وڵاتی گەیاندە ئەو دۆخە خراپە.
لەو بەیاننامەیەدا کە دانەیەکی بۆKDP.INFO نێردراوە، هاوپەیمانیی کوردستانی جەخت دەکاتەوە، "ئێمە لە هاوپەیمانیی کوردستانی، پشتیوانیی لە کۆششی سەرۆککۆمار(فواد موعسووم) و شەرعیەتی دەستووری دەکەین، ئەو تۆمەتانەی بەڕێز (مالیکی)-ی بە پوچ دەزانین"، هۆشدارییش دەدات، "لەو جموجۆڵەی یەکە سەربازی و ئەمنییەکانیش لە بەغدا و دەوروبەری بارەگای سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەوانی دیکەیش بەگومانین، ئەمە بۆنی کودەتای بەسەر شەرعیەتی دەستووری لێ دێ و هۆشدارییش دەدەین لەو ڕەوتارەی کە داهاتووی وڵات و یەکیەتییەکەی دەخاتە مەترسییەوە."




