باشیك.. پێشمەرگە و فڕۆكە جەنگییەكان 415 داعشیان كوشت

مووسڵ- KDP.INFO- ئەمڕۆ لە باشیك لە هێرشێكی هێزەكانی پێشمەرگەدا بۆ سەر تیرۆریستان، پێنج چەكداری داعش كوژران و لە گوندی حەسەن شامیش، زیاتر لە 60 كەسیان لە تیرۆرستانی داعش كوشت. هەروەها لە مونشەئەی كەندیش لە ئەنجامی بۆردوومانكردنی فڕۆكە جەنگییەكاندا، 350 چەكداری داعش كوژراون و بریندارێكی زۆریشیان هەیە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیك باشیك تیرۆرستانی داعش چەند گوللەهاوەنێكیان هاویشت، بەڵام هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە هەر زوو شوێنەكەیانی دەستنیشان كرد و بە توندی وەڵامی دانەوە، لە ئەنجامیشدا پێنج تیرۆرستی داعشیان كوشت، هەروەها لە مونشەئەی كەندیش فڕۆكە جەنگییەكان لە ئاكامی بۆردوومانكردنێكی چڕ، توانییان 350 چەكداری تیرۆریستی داعش بكوژن.
(مەموزینی) گوتیشی، "لە لایەكی دیكەیشەوە هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوكاریی فڕۆكە جەنگییەكان توانییان گوندی حەسەن شام ئازاد بكەن و زیاتر لە 60 كە س لە تیرۆرستانی داعش بكوژن و چەندانی دیكەیش بریندار بكەن.
ئەو هەروەها ئاماژەیشی دا كە، تیرۆرستانی داعش لەناو مووسڵ بارودۆخیان زۆر خراپە و بریندارەكانیان دەگوازنەوە بۆ سووریا و بە رۆژیش ناوێرن لەبەر فڕۆكە جەنگییەكان هاتوچۆ بكەن، بۆیە لەسەر شەقامەكان خەڵك نایانبینن و زۆریان هەڵاتوون و دەزانن بەم زووانە مووسڵیان لێ دەستێندرێتەوە، پێشمەرگەیش بە ورەیەكی بەرزەوە لە سەنگەرەكانن و بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی تیرۆریستان ئامادەن.
نەشوان بەرزنجی




