٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەریتانیا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پێشمەرگەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  بۆ دەربڕینی پاڵپشتی و پشتیوانیی وڵاتی بەریتانیا بۆ كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا(فیلیپ هامۆند) لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە (سەرۆك بارزانی)-یەوە كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان ڕاگەیاند و سوپاسی تایبەتیشی ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان كرد بۆ ئەو هاوكاری و یارمەتییەی پێشكەشی ئاوارەكانیان كردووە و پیرۆزبایی لە (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بە دەستیان هێناوە.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی ئەو پەیوەندییەی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ وڵاتی بریتانیا و ئەو دۆستانەی گەلی كوردستان نیشاندا كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا یارمەتیدەری گەلی كوردستانن و ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان تەنیا شەڕی ڕێكخراوێك ناكات بەڵكو شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك دەكات و ئەم دەوڵەتە هەڕەشەیە بۆ ناوچەكە و هەموو جیهان بۆیە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕیشەكێشكردنی ئەم دەوڵەتە تیرۆریستییە پێویستە.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بە بایەخی ئەنجامی ئەم شەڕەدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە دڵنیا كردەوە كە گەلی كوردستان لەم شەڕەدا بە سەركەوتوویی دێتەدەر و لە پێناو پاراستنی هەموو پێكهاتەكانیشدا گەلی كوردستان قوربانیی داوە و ئەوەیشی بە وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان لە قۆناخی بەرگریكردن هاتووەتە دەر و بەردەوام دەبێت لە هێرشبردن بۆ سەر تیرۆریستان.

سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش  وەزیری دەرەوەی بریتانیا ئاماژەی بەوەدا كە گەلی كوردستان نوێنەرایەتیی هێزی میانەڕۆی عێراق دەكات بۆیە بوونی لە پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی عێراق گرینگە. سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسی (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە ئێمە چاوەڕێی دوابڕیاری هاوپەیمانێتیی نیشتیمانیی عێراقین كە كاندیدەكەیان دیاری بكەن و دەمانەوێت پاڵیوراوێكی نوێ و نەهجێكی نوێ و بەرنامەیەكی تازە بۆ حكوومەت هەبێت كە بتوانێ هەڵەی حكوومەتی پێشوو ڕاست بكاتەوە و شەراكەتێكی گشتگیر هەبێت و ناكرێ پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەسەر شێوەی پێشوو بەردەوام بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار