٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەمید ئاشتی کۆچەر: لە 24 سەعاتدا، 26ھەزار ئاوارەی چیای شنگالمان ئازاد کردوون

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-تایبەت KDP.INFO-  نوێنەری ئاساییشی گشتیی ھەرێمی کوردستان لە چیای شنگال ڕایگەیاند، ڕزگارکردنی ئاوارەکانی چیای شنگال بەردەوامە و تەنیا لە ماوەی شەوێک و رۆژێکدا نزیکەی 26ھەزار کەسیان رزگار کردوون.

 (عەمید ئاشتی کۆچەر) بە kdp.infoی راگەیاند: "دوای ئەوەی میحوەری سنوون و دووگرێ تا دەگاتە مەزاری شێخ شەرەفەددینمان پاک کردەوە، کە نزیکەی 30کم ڕێگا دەبێ، دواتر دەرگای گەلی کەرسێمان کردەوە بۆ ھاتنی ئۆتۆمبێل لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ چیای شنگال و تا ئەوکات ڕزگارکردن سەخت بوو، بەڵام لەئێستادا پارتیی دیموکراتی کوردستان ئۆتۆمبێلێکی زۆری ڕەوانە کردووە کە ئاوارەکان بۆ زاخۆ دەگوێزێتەوە."

نوێنەری ئاساییشی گشتیی ھەرێمی کوردستان لە چیای شنگال، روونی کردەوە، "ڕەوشی ئاوارەکان بە هۆی برسێتی و تینوێتییەوە، گەلێک خراپ بوو، دووچاری نەخۆشییش ببوونەوە، بەڵام پاش ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی جیددی دا و کەلوپەلی خواردن و خواردنەوە و پێداویستیی تەندروستی بۆ ئاوارەکان دابین کرا، لەئێستایشدا بارودۆخی ئاوارەکان تا ئاستێک باش بووە."

(عەمید ئاشتی کۆچەر) گوتیشی: "بێگومان بە ئەرکی خۆمانمان زانیوە، براکانمان لەدەست زوڵمی تیرۆریستان ڕزگار بکەین"، بەڵام ئەو نیگەرانییەی خۆیشی لە هەواڵی نادروست نەشاردەوە و گوتی، "ھەندێک لایەن کە باس لەوە دەکەن ئەوان گەیشتوونەتە چیای شنگال و ئاوارەکانیان رزگار کردوون، دیارە کە کێ لە مەیدان ئامادەیە و ئاوارەکان ڕزگار دەکات.. چونکە لای ھەموو کەس و لایەنێک ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرینگە توانیومانە نزیکەی 30کم لە داعش پاک بکەینەوە و بۆ رزگارکردنی ئاوارەکان بچینە چیای شنگال."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار