پەروەردەی گشتیی هەولێر خوێنی بە پێشمەرگە بەخشی
هەولێر-kdp.info- بە مەبەستی پشتگیریكردن لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سەنگەرەكانی بەرگریكردن لە خاكی پیرۆزیی كوردستان كە لە ئێستادا لە پێناو پاراستنی هەرێمی كوردستان لە دژی چەكدارانی تیرۆرستی داعش دەجەنگن، بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر هەڵمەتێكی خوێنبەخشینیان بۆ پێدانی خوێن بە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان ئەنجام دا.
لە بارەی خوێنبەخشینی بەكۆمەڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر (بەكر كەریم) بۆ kdp.infoگوتی، "هەڵمەتەكە بۆ پشتگیریكردن لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستانە كە لە ئێستادا لە سەنگەرەكانی بەرگرین لە خاكی پیرۆزی كوردستان، ئێمە ئەم هەڵمەتەی خوێنبەخشینمان ئەنجام دا كە ژمارەیەك لە فەرمانبەران و بەڕێوەبەری بەشەكان بەشداریی هەڵمەتەكەیان كرد و ئێمەیش بە شانازییەكی گەورەوە بە ئەركی خۆمانی دەزانین بۆ ئەوەی بەشدار بین لە دابینكردنی خوێن بۆ پێشمەرگە گیانلەسەردەستەكانی كوردستان لە سەنگەری بەرگریدا".
بەڕێوەبەری سەنتەری خوێنبەخشینی شاری هەولێر دكتۆر (هۆشیار یاسین) بە kdp.info-ی گوت، "ڕۆژانە نزیكەی 300 بوتل خوێن لەلایەن هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی دامودەزگاكان وەردەگرین و ماوەی دە رۆژە ئەم هەڵمەتەی خوێنبەخشین بەردەوامە و خەلێكی زۆر روو لە سەنتەرەكەمان دەكات بۆ ئەوەی خوێن ببەخشێت و ئێمەیش بە ئەركی خۆمانی دەزانین ئەم خوێنە بۆ برا پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دابین بكەین".
گوتیشی، "تا ئێستایش سوودێكی زۆر لەم خوێنە وەرگیراوە بۆ برایانی پێشمەرگە و لە رۆژانی داهاتوویشدا رێژەی ئەو خوێنەی كە وەرمان گرتووە، زۆرتر دەبێت و پێویستییەكان پڕ دەكاتەوە".




