٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەمید هەڵگورد حیکمەت: تەواوی قەزای مەخموور لە کۆنترۆڵدایە.. داعش لە ترسی گورزی (پ م) ڕادەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، قەزای مەخموور بە سەرجەم گوند و شارەدێکانییەوە لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کۆنترۆڵ کرایەوە و وەک (عەمید هەڵگورد حیکمەت) دەڵێ، داعش لە ئێستادا خەریکی پەڕینەوە و خۆدەربازکردنە لە بەردەم گورزی بەهێزی پێشمەرگەدا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەم ئێوارەیە سازی دا، (عەمید هەڵگورد حیکمەت) بە گشتی لەبارەی دۆخی شەڕ و بەرگریی هێزەکانی پێشمەرگەوە زانیاریی دا و گوتی، "لە جەلەولا، سەعات 4-20 خولەکی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، داعش چوار هێرشی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە بەرپا کردن، بەڵام خۆشبەختانە کۆی هێرشەکانیان تێک شکێندران و زیانی زۆر بە داعش گەیەنرا.. هەر لەو شەڕانەدا پێشمەرگەیەک شەهید بوو و یەکێکیش بریندار بووە."

دەربارەی میحوەری خازریش گوتی، "لە خازر لە ئێستادا بۆردوومان هەیە و بەپێی زانیارییەکانمان، تیرۆریستانی داعش پردی خازریان تەقاندووەتەوە. لە ڕەبیعە و زومماریش هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان و هیچ شەڕێک ڕووی نەداوە. لە شنگالیش هێزەکانی پێشمەرگە لە شاخی شنگال بە میکانیزمێکی نوێ و تۆکمە زۆرتری ڕێژەی برائاوارە ئێزدییەکانمان ڕزگار دەکەن."

پێوەست بە شەڕ و پێشڕەوییەکانی پێشمەرگەوە لە میحوەری گوێڕ و مەخمووریش، گوتی، "داعش لە هەوڵی پەڕینەوەی ڕووبارە و دەیانەوێ هەرچی زووە خۆیان دەرباز بکەن.. چونکە ئەوان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، ئەمڕۆ لە گوێڕ 24 تیرۆریستی داعش کوژراو ن و 18 برینداریشیان هەبووە.. لە نێو کوژراوەکاندا سەرکردەیەکیان هەیە بە ناوی (ئەبو موسلیم تورکی) کە باڵابەرزێکی سوورکەڵانە بووە."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە دەربارەی پلانی دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە لەدەستدراوەکان ڕایگەیاند، "ئەوەی ئێستا بەڕێوە دەچێت پلان یان قۆناخی یەکەمی پلانەکەمانە، پێوەست بە پلانی دووەم یاخود داهاتوویش، ئەمە بابەتێکە سەرکردایەتیی هێزەکانی پێشمەرگە و لایەنی عێراقی و ئەمەریکایی بڕیاری لێ دەدەن."

زیاتر گوتی، "لە ئێستادا پلانمان بۆ جێگیرکردن و پاراستنی ئەو ناوچانە هەیە کە کۆنترۆڵیان دەکەینەوە.. بەو پلان و ورە پۆڵایینەی پێشمەرگەیشەوە پێشوەچوونی زیاتر دەبینین."

دەربارەی هەبوونی پلانێک بۆ ڕێکخستنی خۆبەخشەکان کە بۆ پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەموو بەرەکاندا چەکیان هەڵگرتووە، گوتی، "لە ئێستادا پلان تەنیا ئەوەیە کە، خۆبەخشان لە دواوەی هێزەکانی پێشمەرگەوە بن، چونکە باوەڕ وایە کە بۆ دۆخی پێویست سوودیان لێ دەبینرێ، بەڵام لە ڕاستیداهێشتا شەڕیان پێ نەکراوە و وەها داوایەکیان لێ نەکراوە."

دەربارەی دەنگۆی هێزەکانی ئەم و ئەو حیزب و ڕۆڵیان لە بەرەکانی شەڕی دژبە تیرۆریستاندا، (گەڵگورد حیکمەت) گوتی، "ئێستا لە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەداین و با چی دی هێزی پێشمەرگە، هیزی هیچ لایەک نەبێ و با ڕاگەیاندن واز لەوە بێنێ، هێزەکان ڕەنگڕێژ بکات."

سەرکەوت حەسەن

 

هەواڵی پەیوەندیدار