وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە هەولێرە

هەولێر-KDP.info- کەمێک بەر لە ئێستا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا(لۆرانت فێیبیس) گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و وەهایش بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)-یدا، کۆ ببێتەوە.
بەرلەوەی لە ڕێگەی فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بێتە هەرێمی کوردستان،
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ بەیانی بەسەردانێک گەیشتە شاری بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کۆ بووەوە. ئەو لە بەغدا سیاسییە عێراقییەکانی هان دا تا حکوومەتێک پێک بهێنن، تەواوی پێکهاتەکان تێیدا بەشدار بن و وێکڕا بەرەوڕووی ڕێکخراوی داعش ببنەوە.
ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە هەڕەشەئامێزەکانی گرووپی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش.
وەهایش بڕیارە (لۆرانت فێیبیس) لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)، دواڕەوشی عێراق بە گشتی و هەڕەشەکانی داعش و پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی فەڕەنسا بخەنە بەر باسەوە.
شیاوی باسە، لەسەردانەکەیدا بۆ کوردستان لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراق(هۆشیار زێباری)، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان(فوئاد حوسێن) و بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(فەلاح مستەفا)وە پێشوازی کرا.
هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، هاوکاریی مرۆیی بۆ ئاوارەکانی مووسڵ لەگەڵ خۆی هێناوەتە هەرێمی کوردستان.




