لە سەعدییە داعش زیانی زۆری بەر كەوتووە.. فڕۆکەیش هاوکاریی پێشمەرگە دەکەن

هەولێر-KDP.info- فڕۆكە شەڕکەرەکان لە بەیانییەوە گورز لە پێگە و مۆڵگەکانی چەکدارە تیرۆریستەکانی ڕێکخراوی داعش دەوەشێنن. هێزی پێشمەرگەش بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و زیانێكی زۆریان بەر كەوتووە.
(شێخ جەعفەر مستەفا) بەرپرسی لقی پازدەی خانەقینی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆKDP.info گوتی: "لە سنووری ناوچەی جەلەلا و سەعدییە بە دەستنیشانكراوی لە باهیدە و كەشكۆڵ، بە فڕۆكەی شەڕکەر داعش بۆردوومان دەكرێت، لە كاتێكدا سەعات 4:20 خولەكی ئەمشەو چەكدارانی داعش و تیرۆریستان و پاڵپشتیكارانی تیرۆر لە گوندەكان پەلاماری پێشمەرگەیان داوە و هیشتا شەڕ بەردەوامی هەیە".
زیاتر گوتی، زانیاری دراوەتە فڕۆكە شەڕکەرەکان كە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ داعش لە ڕێگای بەلەمەوە پەڕیونەتەوە ناو جەلەولا و گوندەكانی نزیك سەعدییە.
هەر تایبەت بە سەعدییە و جەلەولا بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت) بە kdp.info-ی راگەیاند، لە سەعات4:20 خولەكی بەرەبەیانییەوە چەكدارانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر هێزی پێشمەرگە لە جەلەولا، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و داعشیش تێك شكێندراون و زیانێكی زۆریان بەر كەوتووە.
عەمید (هەڵگورد) گوتیشی، لەئەنجامی ئەو شەڕەیشدا كە تا ئێستا بەردەوامە، پێشمەرگەیەك شەهید بووە و دووی دیكەیش بریندار بوون.
كارزان هەورامی_بڵند ئیبراهیم




