فڕۆکە جەنگییەکان میحوەری باشیکیان بۆردوومان کرد و مەخموور و گوێڕیش ئارامن

مەخموور-تایبەت KDP.INFO- ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکان چەکدارانی داعشیان لە سنووری باشیک و حەمدانییە بۆردوومان کرد و نزیکەی 20چەکدار کوژران و داعشیش پردی خازریان تەقاندەوە و لە سنووری مەخموور و گوێڕیش ڕەوشەکە ئارامە.
(عەقید ناجی سیامەند) لە فەرماندەیی بارزان بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە ھەردوو سنووری مەخموور و گوێڕ ناوچەکە ئارامە و ھێزی پێشمەرگەیش بە چەکی قورسەوە لە ئامادەباشیی تەواودان و تەنیا لە سنووری گوێڕ چەند ھەمەرێک ھاتنە پێش و ھێزی پێشمەرگەیش لە دوو قۆڵەوە بۆیان چوون و دواتر ھەڵاتن.. لە سنووری مەخمووریش ئەم ئێوارەیە ھەندێک تۆپباران ھەبوو، بەڵام لەئێستادا ڕەوشەکە ئارامە."
هاوکات بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان(سەعید مەموزینی) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ نیوەڕۆ ھێزی پێشمەرگە ھێرشیان کردە سەر چەکدارانی داعش لە میحوەری باشیک، لە ئاکامدا 10چەکدار کورژران."
(مەموزینی ) گوتیشی: "ھەر ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکان لە ناوچەی قورسیباتی سەر بە ناحیەی باشیک و قەزای حەمدانییە، چەکدارانی داعشیان بۆردوومان کردووە و نزیکەی 20چەکدار کوژراون."
بڵند ئیبراھیم




